گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر راگیران

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

K24 - هەولێر:

بەهۆی نالەباری کەش و هەوا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت.

ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانە بەهۆی نالەباری کەش و هەواوە تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ راگیران.

لە بەرە بەیانی ئەمڕۆوە تەمومژێکی چڕ چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە و تا ئێستا جگە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، فڕۆکەخانەی بەغداش گەشتەکانی راگرتووە. 

جیهاد دیوان بەڕێوبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی تەمومژێکی چڕ لە ئاسمانی بەغدا و کەمبوونەوەی مەودای بینین لە بەشێکی شارەکانی عێراق، گەشتە ئاسمانیەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا راگیران.

ئاماژەی بەوەشدا هەرکاتێک کەشوهەوا ئاسایی بێتەوە گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.