رێبوار تاڵەبانی: چەند لایەنێک لە کەرکووک دەیانەوێت ماددەی 140 جێبەجێنەکرێت

"ماددەی 140زیان بەهیچ نەتەوە و پێکهاتەیەک ناگەیەنێت"

K24 - هەولێر

راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ماددەی 140 رایگەیاند: لە کەرکووک چەند پارتێکی سیاسی بە هۆی هەژموونی دەرەوە دەیانەوێت ماددەی 140 وەک خۆی جێبەجێنەکرێت.

رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ماددەی 140 بە کوردستان24ی راگەیاند، ماددەی 140 زیانی بەهیچ نەتەوە و پێکهاتەیەک نەگەیاندووە، بەڵکو مافی ئەوانیش دەگەڕێنێتەوە و "داوا دەکەین  بە ریفراندۆم و سەرژمێری چارەنووسی ماددەی 140 دیاریبکرێت".

سەبارەت بە رەتکردنەوەی کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی 140 لەلایەن حزبە تورکمانییەکانی کەرکووک، رێبوار تاڵەبانی گوتی: "چەند حزبێکی سیاسی کە بە ئەجندای سیاسی دەرەکی ئیش دەکەن، ئینتیمایان بۆ عێراق نییە

راشیگەیاند، کوردستانی بوونی ناسنامەی کەرکووک، مانای ئەوە نییە کە قبووڵی نەتەوەکانی دیکە ناکات، بەڵکو ناوچەیەکی کوردستانییە و لە 100 ساڵی رابردووەوە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق گۆڕانکاریان لە دیمۆگرافیای کەرکووک کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا دەکەن دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و سەرژمێری لە کەرکووک بکرێت، بە ریفراندۆم چارەنووسی کەرکووک دیاریبکرێت، کە ماددەی 140 دیارییکردووە بە سێ قۆناغ.