تورکمانەکانی کەرکووک دژایەتی خۆیان بۆ کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی 140 راگەیاند

.
.

K24 – هەولێر

حزب و لایەنە تورکمانییەکانی کەرکووک دژایەتی خۆیان بۆ کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور دەربڕی و دەڵێن: جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی پارێزگاکە.

حزب و لایەنە تورکمانییەکانی کەرکووک و عێراق، رۆژی شەممە (3ی کانوونی یەکەمی 2022) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراقییان رەتکردەوە و داوایان لە هێزە عێراقییەکان کرد، لەسەر ئەم پرسە رێککەوتنی نهێنی بکەن لە بری جێبەجێکردنی ماددەکە، چونکە بە بڕوای ئەوان "جێبەجێکردنی ماددەکە کێشەکانی پارێزگاکە چارەسەر ناکات".

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا کە ژمارەیەک لە سەرکردە و پەرلەمانتارە تورکمانییەکان ئامادەی بوون حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق گوتی: "ئێمە دژی ئەوەین بەبێ ئامادەبوونی تورکمانەکان ماددەی 140 بخرێتە ناو رۆژەڤی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەم ماددەیە پێشتر لە رۆژەڤدا نەما و جێبەجێکردنی شکستی هێناوە".

توران دەشڵیت: "لە راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هۆشداریی دراوە لەوەی ئەگەر ئەم ماددەیە جێبەجێ بکرێت شەڕی ناوخۆ لەنێوان پێکهاتەکانی ناو شارەکەدا روودەدات".

جێبەجێکردنی ماددەی 140 یەکێکە لە داوا سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی عێراق، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بڕیاردراوە لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 کارا بکرێتەوە.

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاندووە، بە بڕیاری جەنابی سەرۆکوەزیرانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 دروستکراوەتەوە، کە لە ساڵی 2014 پەکخرابوو، لیژنەکە لە ماوەی 10 رۆژدا دەبێت کۆببێتەوە و بودجەی خەملێنراو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە ماددەی 140 ئامادە بکات و پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی بکات، تاکو بخرێتە ناو بودجەی گشتییەوە.