ئاسایشی راپەڕین: تۆمەتباری کوشتنی ناسکە قادر دەستگیرکرا

"هەفتەیەک لەمەوبەر تەرمەکەی بە سووتاوی دۆزرایەوە"
ناسکە قادر
ناسکە قادر

K24 - هەولێر:

ئاسایشی راپەڕین رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ژنەی تەرمەکەی لە قەراغ دەریاچەی دوکان بە سووتاوی دۆزرایەوە دەستگیرکردووە و دەشڵێت، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەدا ناوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 6ی کانووی یەکەمی 2022، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای دۆزینەوەی تەرمی ناسکە قادر پیرۆت، بەبڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی رانیە، چەندین كەس لەسەر کەیسی کوشتنەکە دەستگیركران.

ئاماژەی بەوەشکردووە: "دوای لێكۆڵینەوەی ورد و كۆكردنەوەی بەڵگەی پێویست، یەكێك لە دەستگیركراوەكان بەناوی (خ. ڕ) تەمەن (39) ساڵ لەبەردەم دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی رانیە دانیناوە بەتاوانەكەدا و ئێستا بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێڕاقی راگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكە بەردەوامە".

رۆژی 24ـی تشرینی دووەمی 2022، تەرمی ئافرەتێکی تەمەن 47 ساڵ بەناوی ناسکە قادر بە سووتاوی لە قەراغ دەریاچەی دوکان لە ژێر گڵ دۆزرایەوە.

ئافرەتەکە دایکی پێنج منداڵە و ھەفتەیەک پێش دۆزینەوەی تەرمەکەی لە ماڵ دەرچوو بوو و دیارنەمابوو، دواتر کەسوکارەکەی لە پۆلیس سکاڵایان تۆمارکردبوو.

پاشان پێنج کەس لەسەر کەیسەکە دەستگیرکران کە کەسی نزیکی ئافرەتەکە بوون.