پارتی بە فەرمی بیروڕای خۆی بۆ گفتوگۆ دەگەیەنێتە یەکێتی

پارتی و یەکێتی
پارتی و یەکێتی

K24 – هەولێر

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە فەرمی بیروڕای خۆیان بۆ گفتوگۆ گەیاندووەتە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، لەبارەی دەستپیشخەریان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ یەکێتی، گوتی: "ئێمە بڕیارمان هەیە و بیروڕای خۆمان گەیاندووەتە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە فەرمی ئێمە پێمان باشە گفتوگۆ دەستپێبکەین".

راشیگەیاند، بڕیاری کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەوەیە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ لایەنەکان هەڵبدەنەوە، لە پێش هەمووشیانەوە یەکێتی. گوتەبێژی پارتی دەشڵێت: "بانگەشەی چارەسەرکردنی کێشەکان لە راگەیاندنەکانەوە ناکرێت، بەڵکو شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان مێزی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە".

مەحموود محەممەد، ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ یەکێتی ئەگەر لەسەر هەندێک بابەت بۆچوونیان جیاوازیش بێت، لەسەر بابەتە سەرەکییەکان کە پەیوەندییان بە بەرژوەندی گشتییەوە هەیە نابێ لە راگەیاندنەکانەوە بە شێوازێک بورێژنن کە خەڵکی پێ نیگەران بکەن.

گوتیشی: "بەڕای ئێمە وەکو پارتی پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین، ئەو تێبینیانەی هەمانە بیانخەینەڕوو، لە روانگەی دۆزینەوەی چارەسەر پێکەوە کۆببینەوە، نەک لە گفتوگۆی رۆژنامەوانی یەکتر و خەڵکیش نیگەران بکەین".