وه‌زیری ته‌ندروستی له‌باره‌ی بودجه‌ی ته‌ندروستی سلێمانییه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بودجه‌ی ته‌ندروستی سلێمانی نه‌بڕدراوه،‌ به‌ڵام بانكه‌كانی سلێمانی پاره‌ی نه‌ختیه‌ خه‌رج ناكه‌ن و هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وان روون نییه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (12ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردن له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، جه‌ختی له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه‌ كرده‌وه‌.

سامان به‌رزجی روونیكرده‌وه‌، ئه‌و گرفتانه‌ی ئێستا له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی سلێمانی به‌دیده‌كرێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ بڕیارێكی له‌ پشته‌وه‌ نییه‌ و پێشتریش له‌ هه‌ولێره‌وه‌ پاره‌ بۆ سووته‌مه‌نی و پێداویستییه‌كانی ته‌ندروستی سلێمانی ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌موو پێداویستییه‌كانیان له‌ نه‌ختیه‌ی بانكه‌كانی سلێمانی بۆ خه‌رجده‌كرا.

وه‌زیری ته‌ندروستی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، پێشتر بڕی 10 ملیار دینار بۆ ته‌ندروستی سلێمانی دابینكراوه‌ و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌ كارگێڕی، دارایی و یاسایی به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی دراوه‌ بۆ دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانیان له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆیان دابینكراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی كه‌می ده‌رمان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری ته‌ندروستی باسی له‌وه‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ دابینكردنی ده‌رمان له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقه‌ له‌سه‌ر خه‌رجی سیادی، به‌ڵام هاوشێوه‌ی بواره‌كانی دیكه‌، حكومه‌تی عێراق تاوه‌كو ئێستا پابه‌ندنه‌بووه‌ به‌ دابینكردنی ده‌رمانی پێویست بۆ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ نزیكه‌ی 7 ملیار دینار خه‌رجده‌كات له‌پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و به‌رده‌وامی له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی.