لە گوندێکی ئوستورالیا شەش کەس بەهۆی تەقەکردنەوە کوژران

پۆلیسی ئوستورالیا
پۆلیسی ئوستورالیا

K24 - هەولێر:

میدیاکانی ئوسترالیا بڵاویانکردەوە، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ناوچەیەکی گوندشینی ویلایەتی کوینزلاندی ئەو وڵاتە شەوی رابردوو، شەش کەس کوژران کە بەشێکیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.

لەو بارەیەوە بەرپرسی یەکەی پۆلیسی ناوچەی کوینزلاند ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، پاش ئەوەی لەلایەن ماڵێکەوە پەیوەندی بەیەکەی فریاکەوتنەوە کراوە بۆ داوای یارمەتی، یەکەکانی پۆلییس لە ماڵەکە نزیکبوونەتەوە و دوو کەسی چەکدار لەناو ماڵەکەوە دەستڕێژی گولەیان لە خەڵک و دراوسێکانی ئەو ماڵە کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو ئەفسەری پۆلیس و دراوسێیەکی ماڵەکە، جگە لەوانەش دوو ئەفسەری پۆلیس برینداربوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

باسی لەوەشکرد، دوای گەمارۆدانی شوێنەکە لەلایەن هێزێکی تایبەتی ئەمنییەوە و  بە پاڵپشتی هەلیکۆپتەری پۆلیس، سێ گومانلێکراو کوژران کە دووانیان پیاو و یەکێکیان ژن بووە.

هۆکاری تەقەکردنی ئەو دوو کەسە لە پۆلیس هێشتا ئاشکرانییە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

کوژرانی ژمارەیەکی لەوجۆرە لە ئوستورالیا بەهۆی تەقەکردنەوە، رووداوێکی دەگمەنە، چونکە یاساکانی کۆنترۆڵکردنی چەک لە ئوستورالیا زۆر توندە، لە ساڵی 1996ـەوە دوای کوژرانی بەکۆمەڵی 36 کەس لە یەک هێرشدا، چەکی ئۆتۆماتیکی و نیمچە ئۆتۆماتیکی بە بڕیارێك قەدەغە کران. 

وێنەی ئەو دوو ئەفسەرەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا
وێنەی ئەو دوو ئەفسەرەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا