نیوزیلەندا بە یاسا جگەرەکێشان لە نەوەی داهاتوو قەدەغەدەکات

K24 - هەولێر:

بەپێی یاسایەکی نوێی نیوزلەندا، توتن یان جگەرە نابێت بەو کەسانە بفرۆشریت کە لەدوای 1ی کانوونی دووەمی 2009ـەوە لەدایکبوون.

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی "زە گاردیەن"، یاساکە بە 76 دەنگی بەڵێ لەبەرامبەر 43 دەنگی نەخێر پەسەندکرا.  

ئەمەش مانای ئەوەیە کە لە داهاتوودا ئەگەر کەسێک بیەوێت جگەرە بکڕێت ئەوا پێویستە ناسنامەی خۆی پیشان بدات بۆئەوەی تەمەنی بزانرێت.  

لەڕێگەی ئەم یاسایەوە، دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە هەوڵ دەدەن خەڵکی وڵاتەکەیان لە بەکارهێنانی جگەرە دووربخەنەوە بەڵام دژبەرانی یاساکە دەڵێن ئێستا کێشانی نێرگەلە لە وڵاتەکەیان زۆر بەرفراوانترە لە جگەرە.

داتاکانی رێکخرای تەندروستی جیهانیی دەریانخستووە، ساڵانە حەوت ملیۆن کەس لە جیهان بەهۆی جگەرەکێشان گیان لەدەستدەدەن، 80%ی جگەرەکێشانیش کە ژمارەیان یەک ملیار و 100 ملیۆن کەسە، لە ناوچە هەژارنشین یان مام ناوەندەکان دەژین.