ساڵی رابردوو 208 هه‌زار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە فەرەنسا تۆمارکراوە
K24 – هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی فەرەنسا لە ساڵی 2021ـدا، پۆلیسی ئه‌و وڵاته نزیکەی 208 هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمارکردووە، ئه‌م رێژه‌یه‌ش 21٪ زیاتربووە به‌راورد به ساڵی 2020.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ـی کانوونی یەکەم/دیسێمبه‌ری 2022)، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، ئامارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاندووه، هه‌رچه‌نده پۆلیسی فه‌ره‌نسا بەشێوەیەکی باشتر مامەڵەی لەگەڵ قوربانییەکاندا کردووە و داتا و زانیارییەکانی تۆمارکردوون، كه‌چی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی بەراورد بە ساڵی 2016، دوو هێندە له‌و وڵاته زیادیکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی فەرەنسا، لە کۆی ئەو 208 هەزار کەسەی توندوتیژیی خێزانیان بەرامبەر ئەنجامدراوە، دوو لەسەر سێیان توندوتیژی جەستەیی بووە، لە کاتێکدا رێژەی توندوتیژی دەروونی یان زارەکی کەمتر بووە، به‌ڕێژه‌ی یەک لەسەر سێی كۆی گشتی حاڵەتەکان.
داتا تۆمارکراوەکانی پۆلیسی فەرەنسا ئەوەی دەرخستووە، کە رێژەی توندوتیژی سێکسی تەنها 4٪ی رێژەی حاڵەتەکانە، هه‌روه‌ها زۆرینەی قوربانییەکانیش بە رێژەی 87٪ ئەو ژنانەن کە لەلایەن هاوسەرەکانیان، یان هاوسەری پێشوویانەوە، توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدراوە.
سه‌باره‌ت به تۆماركردنی حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی خێزانی به‌پێی یاساكانی فه‌ره‌نسا، سەرجەم ئەو فشارە جەستەیی و دەروونییانە دەگرێتەوە، كه لەلایەن کەسێکەوە بەرامبەر بە ئەندامێکی دیکەی خێزانەکە ئەنجام دەدرێت، وەک (سوکایەتیکردن، جنێودان، ئازاردانی دەروونی، ئازاردانی جەستەیی تا کوشتن).