لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لێپرسینەوە لە سوودانی و بانکی ناوەندی دەکرێت

K24 – هەولێر

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار سەرۆکوەزیرانی عێراق و پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی بانگهێشتی پەرلەمان دەکەن.

رائید مالیكی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، له‌سه‌ر پرسی گرانبوونی به‌های دۆلار بانگهێشتی محەممەد شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیران و پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی ده‌كه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، حكومه‌ت هه‌وڵه‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ دابه‌زاندنی نرخی دۆلار و تائێستا دوو پێشێلکاری دیاریكراون، لەوانە شکستی سیاسەتی دارایی و نرخی ئاڵوگۆڕکردنی دراوه‌ و به‌ مانای شکست و بێ توانایی حکومەت لە کۆنتڕۆڵکردنی پرسی نرخی ئاڵوگۆڕ و سیاسەتی دارایی و دراوی نیشان ده‌دات.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمان لەم ماوەیەدا چاودێری كاره‌كانی حکومەت دەکات، تا کۆتایی پشووی یاسادانان چاوەڕێی ئەنجامی ئەو رێوشوێنانە دەکەن، داوای لێپرسینەوە لە سەرۆکوەزیران و پارێزگاری بانکی ناوەندی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی نرخی دراو بگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی ئاسایی خۆی.