"پارتی و یەکێتی بۆ کۆبوونەوە ئامادەن"

پارتی و یەکێتی
پارتی و یەکێتی

K24 – هەولێر

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی و یەکێتی ئامادەن بۆ کۆبوونەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆدەبنەوە.

عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی – هەڵەبجە، بە کوردستان24ی راگەیاند، پارتی و یەکێتی ئامادەن بۆ کۆبوونەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی گرفتەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ یەکێتی خاڵی هاوبەشیان هەیە و دەشڵێت: "چارەنووسمان پێکەوەیە و ئەگەر گرفتێک و جیاوازیش هەبێت ئاساییە، بەڵام بەرپرسیاریەتی هاوبەشمان هەیە".

عەلی حوسێن، گوتی: "لەم رۆژانەدا کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی ئەنجام دەدرێت، پێویستە یەکلایەنە سەیری گرفتەکان نەکەین، بەڵکو بە گفتوگۆ چارەسەریان بکەین، بێگومان بەرپرسیاریەتیمان لەم قۆناغەدا هاوبەشە، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە گرفتی گەورە هەن و ئەگەری تازە هەن، بۆیە دەبێ لە ئاستی بەرپرسیاریەتی دابین و بەرپرسانە مامەڵە بکەین".

گوتیشی: "هەردوولا ئامادەییمان تێدایە بۆ کۆبوونەوە و چەند هەڤاڵێکیش بۆ ئەو بابەتە دیاریکراون کە پەیوەندیدارن بەو بابەتە".