وەزیری بەرگری تورکیا: پێویستە ئەمه‌ریکا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ یەپەگە بپچڕێنێت

خولوسی ئاکار، وه‌زیری به‌رگری توركیا
خولوسی ئاکار، وه‌زیری به‌رگری توركیا

K24 - هه‌ولێر:

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان مۆڵەت لە هیچ لایەک وەرناگرن و پێویستە ئەمریکا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ یەپەگە بپچڕێنێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، خولوسی ئاکار، وه‌زیری به‌رگری توركیا له‌ لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگایەکی میدیایی ئیتاڵی لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان دوا و رایگەیاند، یەپەگە ئەمن و ئاسایشی تورکیا دەکاتە ئامانج.

خولوسی ئاكار داوایه‌كی ئاراستەی ئەمه‌ریکا کرد و رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ یەپەگە بپچڕێنێت و هاوکاری و هەماهەنگییەکی دڵسۆزانەی لەگەڵ تورکیادا هەبێت.

ماوەیەکە تورکیا دەیەوێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە رۆژئاوای سووریا ئەنجامبدات و لەبەرامبەردا ئەمریکا بە رژدی دژی ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکە.

ئه‌م لێدوانه‌ی وه‌زیری به‌رگری توركیا له‌كاتێكدایه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 11ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، سه‌رۆكایه‌تی توركیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری ئه‌و وڵاته‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا ئه‌نجامداوه‌ و داوای لێكردووه‌ رێككه‌وتنی سۆچی جێبه‌جێبكات.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی توركیا، له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا ئه‌ردۆغان به‌ پوتنی راگه‌یاندووه‌، پێویسته‌ (یه‌په‌گه‌) به‌ قووڵایی 30  كیلۆمه‌تر له‌ سنووره‌كانی توركیا دووربخرێته‌وه‌.

رۆژی شه‌ممه‌ش 3ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، به‌ درێژایی سنووری باشووری توركیا هێڵی ئه‌منی ده‌كێشن.

گوتیشی، سوپای وڵاته‌كه‌ی ئه‌و هێڵه‌ ئه‌منییه‌ ته‌واوده‌كات، كه‌ قووڵاییه‌كه‌ی 30 كیلۆمه‌تر ده‌بێت و به‌ درێژایی سنووری باشووری توركیا دروست ده‌كرێت و هیچ پاشه‌كشه‌یه‌كی لێناكرێت.