تا په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2023 حكومه‌تی هه‌رێم داواده‌كات جێبه‌جێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی 2021 به‌رده‌وامبێت

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی دیسێمبەر(کانوونی یەکەم)، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە 2022/12/11 سەبارەت بە دۆسییەکانی (بودجە ، نەوت و گاز، دەروازە سنوورییەکان، دیوانی چاودێری دارایی)  لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندەکە خرایەڕوو.

سەرۆکوەزیران دەستخۆشی لە شاندەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دووپاتکردەوە.

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حەفتەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کرد بۆ خەرجکردنی بڕی چوارسەد ملیار دینار وەک شایستەی دارایی هەرێم. هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری راسپارد لە پەیوەندی بەردەوام بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا بە زووترین کات رێکارەکانی ناردنی پارەکە تەواوبکرێت، بۆ ئەوەی بخرێتەوە خزمەتی خەرجییە گشتیەکانی هەرێم. ئەنجوومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاریشی راسپارد کە لە دوای پشووەکانی سەری ساڵ، کۆبوونەوەکانیيان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ چڕبکەنەوە بە ئاراستەی بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، تا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت هەروەک لە کارنامەی وەزاریدا هاتووە.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان لە سەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەس وکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی کە لە لایەن عەبدوڵلا مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەت چەندین بڕیاری لە قازانجی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی دا و بڕیاریش درا کە هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چڕبکرێنەوە، بۆ ئەوەی بە پێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی قەرەبووی شایستەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی بگرێتەئەستۆ، کە قوربانی دەستیی ڕژێمەکانی پێشوون و ئەمەش لە دەستووردا وەک ماف و شایستەی هەرێم جێگیرکراوە.

لە بڕگەی سێیەمدا، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە عەبدولرەحمان سدیق، پلانی ساڵی 2023ـی ئەنجوومەنی پاراستن وچاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانی لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق خستەڕوو، ئەویش لە رێگەی جێبەجێکردنی پابەندیی نێو بەڵگەنامە پشکدارییە نیشتیمانییەکان کە هەرێمی کوردستان رۆڵی سەرەکی لە ئامادەکردنیدا هەبووە، بە تایبەتیش لە بوارەکانی کەمئاویی و بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی و کەمیی رووبەری سەوزایی،  لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەدرا بە دەرفەتەکانی سوودوەرگرتن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەزموونی وڵاتان لە سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ووزەی نوێبۆوە وخاوێن وکشتوکاڵی کردنی زیرەک و هەمەچەشنکردنی ئابووری وبایەخدان بە وەبەرهێنانی ژینگەیی ودامەزراندنی ناوچەی پارێزراوی سرشتی ( محمية طبيعية) و ڕیسایکلینی ئاوی قورس و پاشەڕۆکان.

سەرۆکوەزیران وێڕای دەستخۆشی لە دەستە و ئەنجوومەنی پاراستن وچاککردنی ژینگە بۆ پڕۆژە وپلان و هەوڵەکانیان، ئاماژەی دا بە مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە سەر ژیانی هاووڵاتییان، و جەختی لە پێویستی گرتنەبەری رێکاری پێویست لە لایەن وەزارەتەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەوانە دروستکردنی بەنداو و پۆند، زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە  هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی بە تایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و چەندین ڕێکاری دیکە .

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیار و راسپاردەکانی دەستە و ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگەی پەسەندکرد، لە ناویشیاندا کاراکردنەوە و گرنگیدان  بە ئەنجوومەنی باڵای پاراستن وچاککردنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان کە بە یاسای ژمارە 3ساڵی 2010 پێکهاتووە لە نوێنەری وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکان کە پێویستە وەزارەتەکان لە رێگەی ئەو ئەنجوومەنە باڵایەوە هاوکاری دەستەی ژینگە بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەستەکە لە پاراستن و چاککردنی ژینگە، بەتایبەتیش بابەتی کاریگەرييە زیانبەخشەکانی گۆڕانیی کەشوهەوا کە ئێستا بووەتە خەمێکی جیهانیی و کاریگەریی سیاسیی و گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی و کۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینکە ڕاسپێردرا گرنگیی زیاتر بە هاوئاهەنگیرکردن لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی فیدڕاڵ بدات.

8
78
87
76