کریستیانەکانی کۆیە لەژێر سێبەری مەترسی هێرشەکانی ئێران رێوڕەسمەکانیان بەڕێوەدەبەن
K24 – هەولێر
دوای نزیکەی ٤٠ رۆژ لە چۆلکردنی گوندی هەرمۆتەی شارۆچکەی کۆیە، مەسیحەکانی ئەو گوندە بۆ مەراسیمەکانی جەژنی سەری ساڵ و لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح، گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان.
کریستیانەکانی گوندی هەرمۆتە گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەمساڵ نەیانتوانووە ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو ئامادەکاری بکەن و ھێشتا ترس و دڵەراوکێی بۆردومانی دووبارەیان ھەیە.
قەشەی کەنیسەی ھەرمۆتە دەڵێت: خەڵکەکە دەترسێن و ناحەقیشیان نییە. من لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم داوام لێکردون بگەرێنەوە و جەژن بکەین.
زەییا شاببا، قەشەی کەنیسەی کۆیە و ھەرمۆتە گوتی: من خۆم هانم داون و لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم گوتم، بگەرێنەوە، ئینساڵڵا ھیچ نابێت. ئێمە پەنا بۆ خوا دەبەین و نزاش دەکەین کە رەوشەکە باش ببێت. ئینشاڵڵا وەکو ساڵان نوێژی خۆمان دەکەین و پێشوازی لە جەژن دەکەین.
گوندی هەرمۆتە، لە کەمپەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان نزیکە و دوای ئەوەی کەمپ و بارەگاکانی ئەو حزبە چەند جارێک لەلایەن سوپاتی پاسدارانەوە بۆردومانکرد، خەڵک ئەو گوندەیان چۆلکرد.
سەرەڕای ئەوەی خەڵکی موسڵمان و کریستیانەکانی ئەو گوندە چەند رۆژێکە بۆ سەر ماڵەکانیان گەڕاونەتەوە، بەڵام ئێستاش ترسی ئەوەیان هەیە لەنیوەشەدا و بە هۆی هێرشەکانی ئێران، دیسان بارگە و بنەیان بپێچنەوە و گوندەکەیان چۆڵبکەن.
عەممان تۆما، لە هەرمۆتە دەژی و دەڵێت: ماڵ و منداڵ دەترسێ، پێرێ شەو دیسان گوند چۆلکراوە، ھەندێک ماڵ ھەڵاتن، درۆنێکیان لە ئاسمان دیتبوو، دۆخەکە ئێستا بەو شێوەیەیە.
ئەو زیاتر گوتی: ترس ھەر ھەیە، نازانین چ دەقە و سەعاتێک هێرشدەکات، ئێمەش ماڵمان لەسەر پشتە و ئامادەین، دەڕۆین و دوای حەفتەیەک دێینەوە.
جیھان بۆ پێشوازی ساڵی نوێ و کریستیانەکانیش بۆ جەژنی لەدایک بوونی مەسیح ئامادەکاری دەکەن، ئەمساڵ کریستیانەکانی گوندی ھەرمۆتە لە کۆیە دۆخێکی تایبەتیان ھەیە. ئەوان کە لە جەژنەکان نزاو پاڕانەوە بۆ ئاسایش و ئارامی دەکەن، بۆ ئەم جەژنە بەھۆی ترس لە بۆردومانی مووشەکی ئێران، خۆیان لە ترس و دڵەراوکێدا دەژین.