ناجێگریی نرخی دۆلار بازاڕی عێراقی شێواندووە

هاووڵاتییه‌ك دیناری عێراق و دۆلاری ئه‌مه‌ریكای به‌ده‌سته‌وه‌یه‌
هاووڵاتییه‌ك دیناری عێراق و دۆلاری ئه‌مه‌ریكای به‌ده‌سته‌وه‌یه‌

K24 – هەولێر

هەڵکشان و داکشانی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بازاڕی ئەو وڵاتەی ناجێگیرکردووە، هەر بۆیە بارزگانان داوا لە حکومەتی بەغدا دەکەن رێکار بۆ چارەکردنی ئەم دۆخە بگرنەبەر.

ماوەی دوو هەفتەیە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەریمی کوردستان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و وەک پەیامنێری کوردستان٢٣ لە بەغدا دەڵێت، "بە هۆی ناجێگیری نرخی دۆلار، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا چەندین بازرگانی عێراقی زیانی زۆریان بەرکەتووە".

شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان٢٤ لە بەغدا، سەردانی بازاڕەکانی دراوی کیفاح و حادسیەی کردووە و باسی لە چۆلیی ئەو بازاڕانە دەکات.

ئەو گوتی: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری لەسەر بازاڕ هەبووە. زۆربەی بازاڕە گەورەکانی بەغدا چۆلن و زۆر کەم مامەڵەیان تێدا دەکرێت.

تا کاتژمێر ١٠ـی بەیانیی رۆژی دووشەممە (٢٦ـی کانوونی یەکەم) نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی لە بۆرسەی بەغدا، بەرامبەر بە ١٥٤ هەزا و ٢٠٠ دینار بووە.

نرخی دۆلار لەو کاتەدا و لە بازاڕی دراوی هەولێر، ١٥٤ هەزار و ٧٠٠ دینار بوو.

غازی سەعید، ئەندامی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر، پێیوایە ئەم ناجێگیرییەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار "کاتییە".

ئەو بە کوردستان٢٤ـی گوت، "دوو هەفتەیەکە بانکی ناوەندی رێژەی خستنەبازاڕی دۆلاری بە رێژەی ٥٠٪ کەمکردووەتەوە، چەند رۆژیشە دەنگۆی ئەوە هەیە چاودێری خراوەتە سەر بانکەکان و سزایانداون، بەڵام ئەمە کاتییە و دۆلار گران نابێت، لەبەر ئەوەی بانکی ناوەندی بە هیچ شێوەیەک دەستکاری نرخی دۆلار ناکات. پاش سەر ساڵی، دۆخەکە وەک جارانی لێدێت".

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە کاتێکدایە، کە بەر لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پڕوپاگەندەی دابەزاندنی نرخی دۆلار بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر نرخی وەک خۆی ماوەیە دوو هەفتە دەبێت بەرزتر بووەتەوە.