45 هەزار ئاوارەی عێراق لە خزمەتگوزاری بێبەشن

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئامارێکی كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی جیهانی، 45 هەزار ئاوارەی عێراق لە خزمەتگوزاری بێبەشن.

كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی جیهانی له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرای ده‌كات، به‌درێژایی ئه‌مساڵ 43%ی كۆی هاوكارییه‌كانیان تایبه‌ت كردووه‌ به‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌كان له‌عێراقدا.

 ئاماژەی بەوەشداوە، نزیكه‌ی 45 هه‌زار ئاوارە لە عێراق به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌وه‌ له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بێبه‌شكراون.

لە راپۆرتی كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی جیهانی دا هاتووە، زیاتر له‌ 21 هه‌زار خێزانی ئاواره‌ له ‌سه‌ره‌تای ساڵی 2022ـەوه‌ هاوكاری دارایی كراون و كۆی ئه‌و هاوكارییه‌ داراییانه‌ی پێشكه‌شكراون نزیكه‌ی 347 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بووه‌. له‌ كانوونی یه‌كه‌میشدا 148 ملیۆن دۆلار دابینكراوه‌و 43%ی خێزانه‌كان لێی سوودمه‌ندبوون.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرته‌كه‌دا ئەوەخراوەتەڕوو، زیاتر لە 290 هەزار پەنابەر و پەناخواز له‌عێراقدان و زیاتر لە 260 هەزاریان لە کەمپ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كاندا دەژین.