بانکی ناوەندی دۆلاری زیاتر دەخاتە بازاڕەوە

K24 - هەولێر

بانکی ناوەندی عێراق، بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی دوای نزیکەی دوو هەفتە بڕی 84 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە رۆژانی رابردوو بە بیانووی سزادان و چاودێریکردنی ئەو بانکانەی کە لە رێگەیانەوە پارەی دەخستەڕوو تەنیا پەنجا ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەو هۆیەوە نرخی دۆلار بەردەوام لە هەڵکشاندا بوو.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بە رێژەیەکی بەرچاو لە چەند رۆژی رابردوودا بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی شێواند و نرخی خۆراک و کەلوپەل زۆر بەرزبووەوە، دانیشتووانی بەغداش گلەیی لەو هەڵکشانەی بەهای دۆلار دەکەن.

سجاد مووسەوی، کاسبکارێکی بازاڕی شۆرجەی بەغدایە بە کوردستان24ی گوت: "من پێموایە خواستی کڕین زۆر بووە خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە بازاڕ دەکەن و پێداویستەکانی سەری ساڵ دەکڕن، تەنانەت لە شارەکانی دیکەی عێراقیشەوە دێن بۆ بازاڕیکردن، بەڵام گرانی و ناجێگری نرخی دۆلار زیانی گەورەی لە ئێمە داوە، ھەر بۆیە ناوێرین شتومەکەکانمان بفرۆشین، چونکە زیانمەند دەبین، نرخی دۆلاریش بەردەوام یاری دەکات".

لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕەکانی عێراق لە سەرووی 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا، کاسبکار و چینی هەژارنیش دەڵێن: لە ناجێگری بازاڕی دراوی راستەوخۆ کاریگەری خستووەتە بژێوی ژیانیان.

کەڕاڕ جاسم، کاسبکارێکی بەغدایە و دەڵێت: "هەواڵی بەرزی و نزمی دۆلار بازاڕی تێکشکاندووە بەڕاستی، لەگەڵ ئەوەش خەڵک ناچارە و بازاڕی دەکەن و شتومەك دەکڕن، هاووڵاتی عێراقی ماندووە بەدەست ئەم هەموو نەهامەتیانەوە، چیبکەن ناچارن ھەر دەبێت پێداویستیەکانیان بکڕن".

عێراق خاوەنی گەورەترین یەدەکی بانکییە کە نزیک بووەتەوە لە 100 ملیار دۆلار، بانکی ناوەندیش ماوەی دوو هەفتەیەکە بە بیانووی سزادان و چاودێریکردنی ژمارەیەک بانک کە لە رێگەیانەوە پارە دەخاتە بازاڕەوە و رێژەی 50% ئەو بڕە پارەی کەمکردووەتەوە کە پێشتر دەیخستە بازاڕەکانەوە.