ژمارەیەک بڕیار لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەدرێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، بریار لەبارەی پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و جێبەجێکردنی مادەی 140 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دراوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، لەبارەی چالاکبوونەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140 بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەشێک لە بودجەی ساڵی 2023 بۆ کاروباری جێبەجێکردنی مادەی 140 تەرخان دەکرێت، بڕیار لەسەر چالاککردنەوەی لیژنەکە دراوە و سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی هەڵبژێردراوە".

ئەو زیاتر گوتی: هەڵبەت تا ئێستا ئەندامانی بە تەواوی دەستنیشاننەکراون، چونکە تێبینی لەسەر ناوە دەستنیشانکراوەکان هەیە. جیا لە ئەندامە هەمیشەییەکان، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی ناوخۆ و کشتوکاڵ، دەبێ لە ناو لیژنەکەدا هەبن، بەڵام تا ئێستا دیارینەکراون".

قەرەبووکردنەوەی خەڵک و بەتایبەت جووتیاران، یەک لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقە و شاخەوان عەبدوڵڵا لەوبارەیەوە رایگەیاند، "لیژنەیەک هەیە کە نوێنەرانی پێکهاتەکانی کەرکووک تێیدا بەشدارن. ئێمە لەسەر بابەتی زەوییەکان دواجار رێککەوتین کە قەرەبووەکە ببێتە بنەما بۆ ئەو کەسانەی لە گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان زەرەرمەند دەبن. بریاربوو شاندەکە بچێتە لای سەرۆکوەزیران و لەسەر ئەوەی قەرەبووەکە چۆن دەکرێ و لەسەر چ پارەیەک دەدرێت، رێککەوتن بکرێت. وا رێککەوتین لە هەر بەرمیلێک، دۆلاریک دابندرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو جوتیارانەی لە گەڕانەوەی زەوییەکانیان زەرەرمەند دەبن".

بە گویرەی لێدوانی شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ کوردستان24، لە ناوەڕاستەکانی مانگی کانوونی یەکەم، لیژنەیەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێکهێندراوە کە ئەرکی گەڕانەوەی بارەگای حزبە سیاسییەکان دەبێت کە دوای ١٦ـی تۆکتۆبەر دەستیان بەسەردا گیراوە.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بڕیاری گۆڕینی چەند پارێزگارێکی دا و یەک لەوانەی ئەگەری گۆڕینی هەیە، راکان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکە. پەرلەمانتارانی هەر پارێزگایەک، دیوانی چاودێری و دەستەی دەستپاکی رۆژی حەفتی کانوونی دووەمی 2023 تێبینییەکانیان لەسەر پارێزگاریان بە مەبەستی بڕیاردان لەسەری، بۆ سەرۆکوەزیران دەنێرن.

شاخەوان عەبدوڵڵا، لەبارەی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک گوتی: زۆربەی پەرلەمانتارانی کەرکووک پێیانوایە راکان جبووری نەیتوانیوە بەباشی کار بکات و لە گەندەڵی تێوەگلاوە. ئەو ئاشکراشیکرد، بەشێک لە پەرلەمانتارە تورکمان و عەرەبەکانیش هەمان بۆچوونیان هەیە.