ئۆکرانیا: لە سەری ساڵەوە 45 درۆنی ئێرانیمان خستووەتەخوارەوە

پاشماوی درۆنێک کە لە کیێڤ کەوتووەتەخوارەوە و بە زمانی رووسی لەسەری نووسراوە، 'ساڵی نوێتان پیرۆز"
پاشماوی درۆنێک کە لە کیێڤ کەوتووەتەخوارەوە و بە زمانی رووسی لەسەری نووسراوە، 'ساڵی نوێتان پیرۆز"

K24 – هەولێر

هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، هاوکات لەگەڵ سەری ساڵ، 45 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانیان خستووەتەخوارەوە کە رووسیا بەهۆیانەوە هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا.

ئەمڕۆ (یەکشەممە، 1ـی کانوونی دووەم) هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا باسی لە هێرشی درۆنیی سوپای رووسیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیای کرد و گوتی، "32 درۆن لە نیوەشەدا خراونەتەخوار".

ئەندرێ نبیتوڤ، بەڕێوەبەری پۆلیسی کیێڤ، وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، ئەمە پاشماوەی درۆنەکەیە کە بە زمانی رووسی لەسەری نووسراوە، ساڵی نوێتان پیرۆز".  

هێرشەکان بۆ سەر چەندین شار و شارۆچکەی ئۆکرانیا بووە، بەڵام پێدەچێت ئامانجی سەرەکی کیێڤ بێت.

پێشتر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دووپاتیکردبووەوە، هیچ رێگەیەکیان لەبەردەمدا نییە، "جیا لە شەڕ تا سەرکەوتن نەبێت".

ماوەیەکی زۆرە باس لە بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لەلایەن سوپای رووسیاوە لە شەڕی ئۆکرانیادا دەکرێت، بەڵام ئێران ئەمە رەتدەکاتەوە و وەزارەتی بەرگری رووسیا دووپاتیکردووەتەوە، "بە مووشەکی دوورهاوێژ" هێرش کراوەتە سەر کیێڤ. مۆسکۆ دەڵێ، "پێگە سەربازییەکان" ئامانجی سەرەکی هێرشەکان بووە.