خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئومێدی زۆریان له‌سه‌ر 2023 هه‌ڵچنیوه‌

رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن ساڵی 2022 بۆ ئەوان ساڵێکی دژوار و پڕ لە ناخۆشی بووە و هیوا خوازن ساڵی 2023 وەک ساڵی رابردوو نەبێت و لەم ساڵەدا کێشەکانیان چارەسەر بێ و دۆخی ژیانیان هەم لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەم لە باری ئابوورییەوە باشتر بێت.

خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا بەرەو پیری سەری ساڵی زایینی دەچن کە زیاتر لە سێ مانگە خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لەم بەشەی کوردستان بەردەوامە. تا ئێستا زیاتر لە 120 هاووڵاتیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، بەهەزاران کەس بریندار و دەستبەسەرن و کەشێکی ئەمنی و سەربازی باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشاوە. هاووڵاتیان هیوادارن ساڵی 2023 ساڵی جیاواز لە ساڵی رابردوو بێت.

کێشەی ئابووری و دۆخی خراپی ژیانی خەڵک، لەگەڵ پەرەسەندنی گرانی و هەژاری و بێکارییش لەو کێشانەن کە لە سەری ساڵی نوێدا هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان بیری لێ دەکەنەوە و هیواخوازن ساڵی نوێ، ساڵی چارسەر کردنی ئەم کێشانە و باشتر بوونی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان بێ.

ناردنی درۆن بۆ رووسیا لە لایەن ئێرانەوە  و سەرکوتی خۆپێشاندانەکان لە لایەن حکوومەتی ئەم وڵاتەوە بوونەتە هۆی ئەوەی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا جیا لە ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بریتانیا و که‌نه‌داش کۆمەڵێک گەمارۆی نوێی بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەم گەمارۆ نوێیانەوە لەگەڵ بە بنبەست گەیشتنی دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، چاوەڕێ دەکرێ ئابووریی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا خراپتر لە ساڵی 2022 بێ.