خۆپێشاندانی بەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور گرژی تێکەوت

گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک
گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک

K24 – هەولێر

بە سەدان کەس لە راهێندراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک، بە مەبەستی ناڕەزایەتی لە دواخستنی دامەزراندنیان، خۆپێشاندانیان کرد. خۆپێشاندانەکە کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون.

ئەمڕۆ (دووشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2023) بە سەدان راهێندراوی کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دواخستنی دامەزراندنیان، لە بەردەم دەرگای سەرکیی کۆمپانیاکە خۆپێشاندانیان کرد.

بە گوێرەی زانیارییاکانی دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک کە راستەخۆ رووماڵی خۆپێشاندانەکەی دەکرد، ٥٠٠ راهێندراو لە کەرتەکانی تایبەت بە نەوت و گاز کە سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووکیان تێدایە، داوای دامەزراندن دەکەن.

دوای ماوەیەک لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکە، گرژی لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو، هێزی ئەمنی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون.

دیلان بەرزان رایگەیاند، "لێرە رێوشوێنی ئەمنی توندگیراوەتەبەر، بەشێک لە خۆپێشاندەران کچن و وەک خۆیان دەڵێن، پێنج خۆپێشاندەر بەهۆی کاریگەرییەکانی گازی فرمێسکرێژەوە، برینداربوونە".

ئێستا خۆپێشاندەران دەرگای یەکەمی کۆمپانیاکەیان بڕیوە و لە بەردەم دەرگای دووەم، گردبوونەتەوە.