ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوو هێڵی گەرم بۆ سکاڵای هاووڵاتییان دادەنێت

K24 – سۆران

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ سکاڵا و داواکاری هاووڵاتییان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوو هێڵی گەرم دادەنێت، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەڵێت: بەدواداچوون بۆ هەموو سکاڵا و داواکارییەکانی هاووڵاتییان دەکەین.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24ی راگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بۆ سکاڵا و بەدواداچوون سەردانی ئیدارە دەکەن، کە ئەمە قەرەباڵغی زۆری دروستکردووە، بۆیە بڕیاریانداوە دوو هێڵی گەرم بۆ سکاڵای هاووڵاتییان دابنێن.

گوتیشی: "ئەو دوو هێڵە گەرمە رۆژانە لە کاتژمێر نۆی بەیانی تا نۆی شەو کراوە دەبن و هەر سکاڵا و داواکارییەک هەبێت وەریدەگرن، هەر داوا و سکاڵایەک کە لایەنی پەیوەندیدار بتوانن خۆیان چارەسەری بکەن، چارەی دەکەن، ئەوەی دیکە کە پێویستی بە بڕیاری من بێت دوای دەوام داواکاری و سکاڵاکان دەبینم و کاری لەسەر دەکەین".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هاووڵاتییانەی کە پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە دەکەن، وەڵامیان دەدرێتەوە و چارەسەرەکەشیان پێدەگوترێت.

روونیشیکردەوە، مەرج نییە هاووڵاتی بۆ هەموو کێشەیەک پەیوەندی بە ‌هێڵی گەرمەوە بکات، هەندێک کێشە هەیە رەنگە لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەی پەیوەندیدار چارەسەر بکرێت، بەڵام لە هەر شوێنێک کە دەزانن کێشەکەیان چارەسەر ناکرێت دەتوانن پەیوەندی بەو دوو ‌هێڵە گەرمەوە بکەن.

هەڵگورد شێخ نەجیب راشیگەیاند، مەبەست لە دانانی هێڵی گەرم بۆ ئەوەیە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ هاووڵاتیان هەبێت و راستەوخۆ بەپیر داواکانیانەوە بچن.

دەربارەی ئەو زانیاری ئەو کەسانەی پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە دەکەن، گوتی: "هەموو ئەو کەسانەی پەیوەندی دەکەن ناو و زانیارییەکانیان تۆمار دەکرێت، وەڵامەکە ئەرێنی بێت یان نەرێنی لەبارەی داوا و سکاڵاکانیانەوە وەڵامیان دەدرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، زۆر جار لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بۆ کێشە و گرفتەکان پەیوەندی پێوەدەکرێت و بۆ ئەو داواکاریانەی لە رێگەی سۆشیال میدیاوە پێیان دەگات تیمێکیان بۆ بەدواداچوون دروستکردووە، بەڵام هێڵی گەرم زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە سۆشیال میدیا بەکارنا‌هێنن.