رێکخراوێکی نێودەوڵەتی: رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەکان دەکرێت

K24 - هەولێر

رێکخراوێکی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، ئاوارە عێراقییەکان لە دۆخێکی خراپدا دەژین و رێگری لە گەڕانەوەیان دەکرێت.

رێکخراوی ریچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا کە دەربارەی دۆخی گوزەرانی ئاوارە عێراقییەکان بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەداوە، دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی ناوچە داگیراوەکان لە دەستی داعش لە عێراق، کەچی تاوەکوو ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن 200 هەزار ئاوارەی عێراقی، کە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەددین و دیالەن، بەهۆی چەند پرسێکی ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

رێکخراوەکە راشیگەیاندووە، بەشێکی ئاوارەکان بەهۆی پرسی ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەشێکیشیان بە هۆکاری کەمی هاوکارییەکانی حکومەت و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و سەختی گوزەران ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

ئەمە لە کاتێکدایە ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، باسی لەوە کردبوو، حکومەتی بەغدا لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ ساڵی نوێ، بڕیاریداوە کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارە ناوخۆییەکان لە ماوەی شەش مانگدا دابخرێن و ئاوارەکان بنێردرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

ئیڤان فایەق، راشیگەیاندبوو، تەنها کاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران نییە، بەڵکو پێویستە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دابین بکەن.

 گوتیشی: "پێویستە ئەو ناوچانەی دانیشتوانەکانیان ئاوارەبوون، بەزووترین کات خزمەتگوزاری ئاو، کارەبا و شارەوانییان بۆ دابین بکرێت. لە شەش مانگی ئایندەدا دەبێت سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەرکی سەرشانیان بەجێبهێنن و ئاسایشی ئەو ناوچانەش بە باشترین شێوە بپارێزرێت".

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، لە کاتی پەلامارەکانی داعشدا هەشت هەزار خێزانیش روویان لە سووریا و 300 خێزان روویان لە تورکیا کردووە، رێکارە فەرمییەکانیش بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانانە دەستیان پێکردووە.

ئیڤان فایەق، ئاماژەی بەوەشدا لە دوای راگەیاندنی بڕیارەکەی حکومەت، دانیشتوانی کەمپەکان کە ژمارەیان 500 تا 700 خێزانە، دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، گوتیشی: "لەم بابەتەدا گەورەترین کۆسپ، خاپووربوونی ناوچەکان و خانووەکانە کە خراپترین نموونەشیان گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی شنگالن".