کەشناسی: لە هەندێک ناوچە بەفر دەبارێت

بەفربارین - فۆتۆ: رەهەند محەمەد
بەفربارین - فۆتۆ: رەهەند محەمەد

K24 - هەولێر

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمڕۆ شەپۆلێکى بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، لە هەندێک ناوچە بەفر دەبارێت و بارستە هەوایەکى ساردی لەگەڵ دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان راپۆرتی پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:

پارێزگای هەولێر

لە کاتەکانى دوای نیوەڕۆ بارانبارین لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت، لە ئێوارەدا نمە باران لە هەندێک ناوچەی سنوورى پارێزگاى هەولێردەبێت، لە کاتەکانى شەو درەنگ بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبێت.

پارێزگای سلێمانی

لە پاشنیوەڕۆ بارانبارین لە سنوورى باشوورى ئەم پارێزگایە دەبێت، ئاستى بارانبارین هەندێک جار مامناوەند دەبێت، لەگەڵ بارینى بەفر لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، لە شەودا رێژەى باران زیاتر دەبێت بە تایبەتى لە سنوورى ئیدارەى گەرمیان و هەندێک جار لێزمە باران دەبێت و ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو لە هەندێک ناوچەى گەرمیان هەیە .

کەشناسی پێشبینی دەکات زۆرترین باران لە دەربەندیخان، سەنگاو، چەمچەماڵ و قەرەداغ ببارێت.

پارێزگاى هەڵەبجە

 بارانبارین لەکاتەکانى دواى نیوەڕۆ دەبێت، لە ئێوارەدا لە ئەنجامى  زیادبوونى کاریگەرى ئەم شەپۆلە ئاستى دابارین زیاتر دەبێت، هەندێک کات بارانى مامناوەند و لێزمە باران دەبێت، لە ناوچە شاخاوییە بەرزە سنوورییەکان  بەفر دەبارێت و هەروەها پێشبینى دەکرێت لەهەندێک ناوچەى ئەم پارێزگایە ئاستى ئاو بەرزببێتەوە لە کاتى بارانى بە لێزمە .

پارێزگاى دهۆک

ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، لە شەودا بۆ هەورى تەواو دەگۆڕێت ئەگەرى نمە باران لە هەندێ ناوچە هەیە .

کەشناسی رشیگەیاندووە، سبەی پێنج شەممە ئاسمان هەور دەبێت بەگشتى، بارانبارین لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى حاجى ئۆمەران، چۆمان و سۆران دەبێت لەگەڵ بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان  بەهۆى هاتنى بارستە هەوایەکى سارد .

سنوورى پارێزکاى سلێمانى لە کاتەکانى بەیانى زوو بارانبارین بەردەوامى دەبێت لە سەر ناوچە جیاجیاکان هەروەها بەفربارین لە سەر لوتکەی شاخە بەرزەکان لە پارێزگاى هەڵەبجە کاریگەرى باران بەردەوامى دەبێت لەسەر ناوچە جیاجیاکان .کاریگەرى ئەم شەپۆلە سبەى پێنجشەممە  لە دواى نیوەڕۆ کۆتاىی دێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر:  15 پلەى سیلیزى

سلێمانی: 12 پلەى سیلیزى

دهۆک:  15 پلەى سیلیزى

کەرکووک: 16 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: 13 پلەى سیلیزى

زاخۆ:  16 پلەى سیلیزى

سۆران:  12 پلەى سیلیزى

گەرمیان:  18 پلەى سیلیزى