ئه‌مه‌ل جه‌لال: شوێنه گه‌شتیارییه‌كان پابه‌ندی به‌كارهێنانی زمانی كوردی نه‌بن مۆڵه‌تیان نوێ ناكرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری به‌كوردیكردنی تابلۆی شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه و ئاشكرایكرد، هه‌ر شوێنێكی گه‌شتیاری پابه‌ندی ئه‌و بڕیاره نه‌بێت مۆڵه‌ته‌كه‌ی نوێناكرێته‌وه و رووبه‌ڕووی سزای دیكه‌ش ده‌كرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (4ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، ئه‌مه‌ل جه‌لال، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردن له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24 كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شیكرد، رایگه‌یاند، سوورن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری به‌كوردیكردنی تابلۆی شوێنه گه‌شتیارییه‌كان و مێنوی چێشتخانه و كافتریاكان، هه‌روه‌ها وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م سه‌رجه‌م شوێنه‌كانیان پابه‌ندكردووه كه رێژه‌ی 30%ـی كارمه‌نده‌كانیان پێویسته ده‌ستی كاری ناوخۆیی بێت.
ئه‌مه‌ل جه‌لال ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌م كابینه‌یه‌دا دركیان به مه‌ترسی به‌كارنه‌هێنانی زمانی كوردی له شوێنه گه‌شتیارییه‌كان كردووه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیاری پێویستیان ده‌ركردووه و له‌و مۆڵه‌ته‌ی به شوێنه‌كان دراوه ته‌نیا مانگێك ماوه بۆ ئه‌وه‌ی تابلۆكانیان بۆ زمانی كوردی بگۆڕن، به پێچه‌وانه‌وه رووبه‌ڕووی سزای داخستن به‌شێوه‌ی كاتی تاوه‌كو وه‌رگرتنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كاركردن ده‌كرێنه‌وه.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌شه‌وه كه له (24ـی ئاب/ئۆگێستی 2022)ـه‌وه ده‌رچووه، ئاشكرایكرد، نزیكه‌ی 40%ـی شوێنه گه‌شتیارییه‌كان پێوه‌ی پابه‌ندبوون تاوه‌كو ئێستا و به‌شێك له‌و شوێنانه داوای مۆڵه‌تی سێ مانگیانكرد بۆ ئه‌وه‌ی تابلۆكانیان له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه بگاته ده‌ستیان، كه دوو مانگ به‌سه‌ر ئه‌و مۆڵه‌ته‌ش تێپه‌ڕیوه و مانگێك ده‌رفه‌تیان له‌به‌رده‌م ماوه.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار روونیكرده‌وه، سه‌رجه‌م شوێنه گه‌شتیارییه‌كانیان پابه‌ندكردووه، كه پێویسته ئه‌و كارمه‌نده بیانی و عه‌ره‌بانه‌ی له‌لایه‌ن كارده‌كه‌ن فێری زمانی كوردی ببن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌توانن خولی فێربوونی زمانی كوردی بۆ ئه‌و كارمه‌ندانه‌یان بكه‌نه‌وه.
له‌باره‌ی به‌دواداچوونی شوێنه گه‌شتیارییه‌كان، ئه‌مه‌ل جه‌لال باسی له‌وه‌كرد، زیاتر له سێ هه‌زار شوێنی گه‌شتیاری له هۆتێل، چێشتخانه، كافتریا و شوێنی دیكه‌ی گه‌شتیاری هه‌یه به‌رده‌وام له‌ڕێگه‌ی تیمه‌كانیانه‌وه به‌دواداچوونیان بۆ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئاماژه‌ی به‌بوونی چه‌ندین ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م كاره‌كانی ده‌سته‌كه‌ی كرد.