پارتی هەوڵ بۆ وەرگرتنی سەرۆکی سێ لیژنەی گرنگی پەرلەمانی عێراق دەدات  

"گرێدراوی بەرژەوەندی هەندێ لایەنی سیاسی کورد لەگەڵ لایەنە شیعەکان، کاریگەری لەسەر هەڵوێستی یەکگرتووی کورد لە پەرلەمانی عێراق هەبووە"
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، باس لە هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی سەرۆکی یەک لە لیژنەکانی دارایی، نەوت و یاسایی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێ، "یەکەم کاری وەزی نوێی یاسادانانمان، یەکلاکردنەوەی سەرۆکایەتی ئەو لیژنانە دەبێت".

سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 5ـی کانوونی دووەم) بەشداری لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا کرد و رایگەیاند، "یەکەم کارمان دیاریکردنی سەرۆکایەتی لیژنەکان و جێگرەوەی ئەندام پەرلەمانە دەست لەکار کێشراوەکانی رەوتی سەدر دەبێت".

وەک ئەو پەرلەمانتارە باس دەکات، چاوێکی زۆر لەسەر وەرگرتنی سەرۆکی لیژنەکانی دارایی و نەوت و گاز هەیە.

ئەو، لەبارەی پشکی کورد لە سەرۆکایەتی لیژنە پەرلەمانییەکانی عێراقدا گوتی: ناتوانین باس لە ژمارەیەکی دیاریکراو وەک پشکی کورد لە سەرۆکایەتی لیژنەکاندا بکەین. هەڵبەت کورد چوار وەزارەتی بەغدای بەدەستەوەیە و ئەگەر بەو پێیەش بێت، بەلانی کەمەوە دەبێ سەرۆکی چوار لیژنەی پەرلەمان کورد بن. دواجار ئەمە لە دانووستانی نێوان لایەنەکاندا یەکلا دەبێتەوە.

بەپێی قسەکانی سەباح سوبحی، لەو مانگەدا سەرۆکایەتی لیژنەکانی پەرلەمانی بەغدا یەکلادەبنەوە.

ئەو، نایشارێتەوە لەسەر ئەم پرسەش، ناکۆکی لەناو ماڵی کورددا هەیە و دەڵێ: کورد لە پەرلەمانی عێراق یەکدەنگ و هاوهەڵوێست نییە. کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی تا رادەیەک بەرەو چارەسەر دەچن، بەڵام گرێدراوی بەرژەوەندی هەندێ لایەنی سیاسی کورد لەگەڵ لایەنە شیعەکان، کاریگەری لەسەر هەڵوێستی یەکگرتووی کورد لە پەرلەمانی عێراق هەبووە.

سەباح سوبحی، لەبارەی پرسی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2023ـی عێراقیش رایگەیاند، "رەنگە لەو مانگەدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، بەڵام گفتوگۆکان و خوێندنەوەی دووەم، ماوەی زیاتری دەخایەنێت".