وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێک لەبارەی کاندیدانی تواناسازییه‌وه‌ دەردەکات

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی تایبەت بە کاندیدانی بەرنامەی تواناسازی کە خوێندنیان بە سەرکەوتوویی تەواوکردووە و لە کەرتی تایبەت کاردەکەن و فەرمانبەری حکومی نین، دەردەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (5ـی کانوونی دووەم/یەنایەری 2023)، د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کاندیدانەی تواناسازی کە سەر بە کەرتی تایبەتن و خوێندنەکەیان بە سەرکەوتوویی تەواوکردووە و، لە هیچ فەرمانگەیەکی حکومی دانەمەزراون، لەئێستادا دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتی یاسایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هێمای گلدانەوەکانیان (رهن) لابدەن و كه‌فاله‌كانیان هه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌ به‌ چه‌ند مه‌رجێك. 

سەبارەت بە مەرجەکانی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیەش، د. یاسین ساڵح، روونیکردەوە، ئەو کاندیدانە پێویستە سەرەتا لە بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی پاکتاوی داراییان ئەنجامدابێت و قەرزاری حکومەت نەبن، ئەگەر قەرزاری حکومەتیشبن پێویستە بە جارێک قەرزەکە بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی میری.

هەروەها مەرجە ئەو کاندیدانە دوای خوێندنەکەیان گەڕابنەوە هەرێمی کوردستان و پشتگیری لە شوێنی کارکردنیان لە کەرتی تایبەت بهێنن و ماوەی پێنج ساڵیش بەسەر بەدەستهێنانی دوا بڕوانامەی خوێندنیان تێپەڕبووبێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، لەماوەی ساڵی رابردوو، نزیکەی ملیۆنێک دۆلار قەرزی کاندیدانی تواناسازییان داوەتەوە، کە پێشتر بەهۆی دۆخی دارایی هەرێمەوە پێیان نەدرابوو.

د. یاسین ساڵح ئاشکرایکرد، وابڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، لیستێکی نوێی پێدانی پارە بە کاندیدانی تواناسازی رابگەیەنن، کە ئەمەش دەبێتە قۆناغی سێیەم لە گەڕانەوەی قەرزی کاندیدانی تواناسازی، کە لە ساڵی 2022 بە دوو لیستی جیا ژمارەیەکی بەرچاو لە کاندیدانی تواناسازی سوودمەندبوون.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا سەرقاڵی ئەنجامدانی پاکتاوی دارایین بۆ دۆسیەی خوێندنی سەرجەم کاندیدانی تواناسازی، كه‌ تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار دۆسیەیان یەکلایی کردووەتەوە و تا تەواوکردنی ئەو پرۆسه‌یه‌ش لە کارکردن بەردەوامدەبن.