هەوڵ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەدرێت

"ئەگەر پەرلەمان بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بدات، دەبێ حکومەت و بانکی ناوەندی عێراق بەو بریارەوە پابەند بن"
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

بە دەیان پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی لە عێراق، هەوڵ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دەدەن و دەیانەوێ نرخی دۆلارێکی ئەمەریکی بۆ 1350 دیناری عێراق دابەزێت.

شەریف سلێمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە گەشتی هەواڵی کاتژمێر 12ـی کوردستان24 ئامادەبوو و لەبارەی بودجەی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیە و نرخی دینار قسەی کرد.

ئەو پەلەرمانتارە، باسی لە هەوڵی نزیکەی 100 پەرلەمانتار و چەند لایەنێکی سیاسی کرد بۆ ئەوەی نرخی دۆلارێکی ئەمەریکی بۆ 1350 دینار دابەزێت و جێگیر بکرێت. ئەو، ئاماژەی بە ناوی ئەو لایەنە سیاسییانە نەکرد.

شەریف سلێمان گوتی: چەندین لایەن داکۆکی لەو هەوڵ و پێشنیارە دەکەن، بەڵام تا ئێستا بە هیچ ئەنجامیک نەگەیشتوون".

گوڵباخ بەهرامی کە گەشتی هەواڵی کاتژمێر 12ـی پێشکەش دەکرد، لەبارەی دەسەڵات و کاریگەری ئەگەری پەسندکردنی هەوڵەکان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار و پابەندیی حکومەتی بەغدا، پرسیاری لەو پەرلەمانتارە کرد و ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ئەگەر پەرلەمان بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بدات، دەبێ حکومەت و بانکی ناوەندی عێراق بەو بریارەوە پابەند بن.

ئەمڕۆ (شەممە، 7ـی کانوونی دووەم) لە بازاڕەکانی عێراق، نرخی دۆلارێکی ئەمەریکی سەرووی 1550 دیناری عێراقییە.

هاوکات شەریف سلێمان باسی لەوەش کرد، گفتوگۆ و دانوستانەکان بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی عێراق بەردەوامە و بڕیارە شاندێکی هەرێمی کوردستان لە "چەند رۆژی داهاتوودا" بۆ بەئەنجامگەیاندنی دانوستانەکان لەسەر چەندین تەورە و یەک لەوانە، پرسی بودجە، جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکەنەوە.

ئەو دەڵێ: رێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی 2023ـی عێراق، 14٪ بێت".