"ساڵی رابردوو 531 پڕۆژە لەسەر داهاتی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ كراون"

لۆگۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
لۆگۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ساڵی رابردوو 531 پڕۆژە لەسەر داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار له‌ سنووری سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان جێبەجێ كراون.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (8ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، لە ساڵی رابردوودا لە سنووری پارێزگەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ، لەسەر بودجەی داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە گوژمەی (28,520,592,718) دینار، 531 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون. لە سێكتەری شارەوانیدا 235 پڕۆژە و لە سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆدا 277 پڕۆژە و لە سێكتەری گەشتوگوزاریشدا 18 پرۆژە جێبەجێ كراون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: جگە لەو 531 پڕۆژانەی كە لەسەر داهاتی دامودەزگەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون، هاوكات ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەش لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە گوژمەیان بۆ تەرخان كراوە و جێبەجێ كراون و لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان تەواو كراون.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار به‌ پێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند: "لەسەر راسپاردە و ڕێنماییە بەردەوامەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێنماییە بەردەوامانە، ئێمە وەکوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوام لە هەوڵی ڕێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکانمان بووین و بەپێی پلانێک کە لە کۆتایی ساڵی 2021 بۆ ساڵی 2022 داماننا، ئامانجان ئەوەبوو بتوانین داهاتەکانمان 35% بە بەراورد بە داهاتەکانی ساڵی 2021 زیاد بکەین، دەتوانین بڵێین تاوەکوو 22ی کانوونی یەکەمی 2022 کە دوایین ڕۆژی دەوامی فەرمیی دامودەزگەکان بوو، داهاتی سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، 306 ملیار و 205 ملیۆن دینار بووە، بە بەراورد بە ڕێژەی پارساڵ و ئەو پلانەی داماننابوو توانیومانە 55% داهاتەکانمان زیاد بکەین."

ساسان عەونی سەبارەت بە ڕێژەیەك لەو داهاتانە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان گوتی: "بە دوو شێوە دەتوانین سوود لەو داهاتە وەربگرین کە 15%ی ئەو داهاتە لە هەر سەرۆکایەتییەکی شارەوانی لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی، دەکرێتەوە خزمەتگوزاری بۆ هەمان شار و شارۆچکە و خزمەتگوزاریی شارەوانی پێ ئەنجام دەدرێت. سەبارەت بە کەرتی ئاویش 17%ی ئەو داهاتە دەکرێتەوە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆی لە شار و شارۆچکەکان پێ ئەنجام دەدرێت."