کورد لە کەرکووک ترسی لە گۆڕینی دیمۆگرافیا و تۆماری دەنگدەرانە

کەرکووک
کەرکووک

K24 - کەرکووک

لە دوای ساڵی 2005 ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک ئەنجام نەدراوە، ھەرچەندە دەبوایە ساڵی 2009 ھەڵبژاردن ئەنجامبدرایە، بەڵام بەھۆی ناکۆکی پێکھاتەکانی ئەو شارە ھەڵبژاردن نەکرا.

بریارە مانگی 10 ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بکرێت، پێکھاتەکانی کەرکووک راوبۆچوونی جیاوازیان ھەیە، بەتایبەتی کورد ترسی لە تۆماری دەنگدەران و گۆڕینی دیمۆگرافی دوای ساڵی 2017 ھەیە، کە کاریگەری لەسەر ئەنجامی دەنگەکان دەبێت.

حاتم تائی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "پێمانباشە ھەڵبژرادن بە فرەبازنەیی بکرێت، چونکە بەم رێگەیە مافی پێکھاتەکان دەپارزێزرێت و دەبێت رێوشوێنی پێویستیش بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران بگیرێتەبەر".

کورد کە لە ھەڵبژرادنی ساڵی 2005 لە رێگەی لیستی برایەتییەوە زۆرینەی دەنگەکانی کەرکووکی بەدەستھێنا، داوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەکات، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە کۆتایی بەم دۆخە بھێندرێت، بەڵام نایشارنەوە ترسیان لە تۆماری دەنگدەران ھەیە، بەتایبەتی ئەو ژمارە خێزانانەی کە لەدوای ساڵی 2017 ھێندراونەتە کەرکووک.

عەلی قەڵایی، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردنی کەرکووکی- سەڵاحەدینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەڵێت: "لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە عەرەبێکی زۆر هاتوونەتە ناو کەرکووک، هەندێکیان بەهۆی ئەرکی سەربازییەوە هاتوون، کە سەر بە هێزەکانی سوپای عێراق و ‌حەشدی شەعبین یان هێزە ئەمنییەکانن، فۆڕمی خۆراک و ناسنامەیان گواستووەتەوە کەرکووک".

تورکمانیش قسەی خۆی ھەیە لەسەر ھەڵبژرادنەکان، بەھۆی دابەشبوونی جوگرافی پێکھاتەی تورکمانی لە پارێزگاکە داوای یەک بازنەیی دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگەکانیان بەفیڕۆ نەچێت.

قەحتان ونداوی، بەرپرسی بەرەی تورکمانی لە کەرکوک لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان هەڵبژاردنی یەک بازنەیی بۆ کەرکووک بە باشتر دەزانن، گوتیشی: "ئێمە پشتیوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکەین، بەشێوەی یەک بازنەیی".