نوێنه‌ری سوید له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ كوردستان24: داوایه‌كی توركیامان بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كورد ره‌تكردووه‌ته‌وه‌

یەکەم کۆنگرەی لارس دانیلسۆن، نوێنەری هەمیشەی سوید لە یەکێتی ئەوروپا | شوێن: برۆکسل- بەلجیکا
یەکەم کۆنگرەی لارس دانیلسۆن، نوێنەری هەمیشەی سوید لە یەکێتی ئەوروپا | شوێن: برۆکسل- بەلجیکا

K24 - بروكسل:

نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی سوید له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، داوایه‌كی توركیایان بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كورد ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و دووپاتیده‌كاته‌وه‌، سوید رێز لەمافی کەمینەکان دەگرێت. له‌باره‌ی ئه‌ندامبوونی سویدیش له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، نوێنه‌ره‌كه‌ی سوید ئاشكرایكرد، لەماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا هیچ پێشکەوتنێکیان لەبواری مافەکانی مرۆڤ له‌ توركیا به‌دی نه‌كردووه‌.

شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ سوید سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا دەکات، له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (9ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، لارس دانیلسۆن، نوێنەری هەمیشەیی سوید له‌ یەکێتی ئەوروپا یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ئەنجامدا، کوردستان24 وه‌كو تاکە مییدیای کوردی لەکۆنگرەکەدا بەشداربوو و بارزان حه‌سه‌ن، پەیامنێری كوردستان24 سێ پرسیاری ئاراسته‌ی ناوبراو كرد.

پرسیاری یەکەمی پەیامنێری كوردستان24 له‌باره‌ی رێکكەوتنی سوید لەگەڵ تورکیا به‌مه‌به‌ستی ئەندامبوونی توركیا لە ناتۆ بوو، له‌كاتێكدا ئەگەر هەیە بەشێک لە کوردانی سوید ببنە قوربانی ئەو رێکەوتنە، چونکە تورکیا داوای رادەستکردنی ژمارەیەک کورد دەکات، له‌وباره‌یه‌وه‌ لە وه‌ڵامی په‌یامنێری كوردستان24دا، نوێنەری هەمیشەی سوید لەیەکێتی ئەوروپا روونیكرده‌وه‌، "دوێنێ سەرۆک وەزیرانی سوید رایگه‌یاند، داواكاری تورکیا قبوڵ ناکەن و هیچ کەسێک رادەستی ئه‌و وڵاته‌ ناکەنەوە و رێز لە مافی کەمینەکان لەسوید دەگرن".

په‌یامنێری كوردستان24 له‌باره‌ی بوونی ژمارەیەکی زۆر سیاسی، رۆژنامەنووس و چالاکوانی کورد لەزیندانەکانی تورکیا و هەڵوێستی سەرۆکایەتی سوید و یەکێتی ئەوروپا له‌وباره‌یه‌وه‌ پرسیاری ئاراسته‌ی لارس دانیلسۆن كرد، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "تورکیا وڵاتێکی کاندیدە بۆ ئەندامبوون لەیەکێتی ئەوروپا، بەڵام لەماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا هیچ پێشکەوتنێکمان نەبینیووە لەبواری مافەکانی مرۆڤ، هەوروها لە ناوه‌ڕاستی ئەمساڵیشدا تورکیا بەرەو هەڵبژاردنی ناوخۆی دەچێت و ئێمە بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخی ناوخۆی تورکیا دەکەین."

بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، كه‌ تاوەکو ئێستا زیاتر له‌ 500 هاووڵاتی کورد به‌هۆیه‌وه‌ گیانیان لەدەستداوە، پرسیاری دووه‌می په‌یامنێری كوردستان24 بوو و له‌ وه‌ڵامدا ناوبرا گوتی، "لەماوەی رابردوودا سوید هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت، سەرەتای ئەمساڵیش پێدەچێت یەکێتی ئەوروپا سزای زیاتری بەسەر ئێران بسەپێنێت، بە تایبەت دوای ئەوەی ئێران هاوکاری روسیا دەکات لە هێرشه‌كانی بۆ سەر ئۆکرانیا".