لەبارەی مامەڵەکردن بە دینار بڕیارێک دەدرێت

.
.

K24 - هەولێر

حکومەتی عێراق سەرجەم دامەزراوەکانی سەر بە دەوڵەت بە مامەڵەکردن بە دینار پابەند دەکات.

ئەنجومەنی وه‌زیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد، لە دیارترین بڕیارەکانیش پابەندیکردنی سەرجەم دامودەزگا و دامەزراوەکانی سەر بە دەوڵەته‌ کە ده‌بێت دیناری عێراقی بەکاربهێنن.

کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، تێیدا هەریەکە لە وەزیرانی دارایی و پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئامادەبوون.

هاوکات هەریەکە لە پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان چەند بەرپرسێکی دیکەی پەیوەندیدار لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.

تێیدا تاوتوێی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی دەوڵەت و داهات و خەرجییەکان کراو و چەند بڕیارێکی ئابووری دەرکران.

لە دیارترین بڕیارەکان، پابەندکردنی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی سەر بەدەوڵەت بە کۆکردنەوەی کاڵا و خزمەتگوزاری بە دیناری عێراقی، هەروەها بۆ کەرتی تایبەتیش پێویستە بانکی ناوەندی عێراق بڕەکانی بە دۆلار و بەنرخی فەرمی بۆ قەرەبوو بکاتەوە.