پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە سست بووە

وادەیەک بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دیارکراوە

K24 - هەولێر

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و بەپێی یاداشتی لێکتێگەشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، دەبێت کۆتایی ساڵی 2026 هێزی پێشمەرگە رێکخرابێتەوە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کوردستان24 کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئەو پرۆسەیەی سستکردووە.

بەپێی ماددەیەکی یاداشتی لێکتێگەشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا، دەبێت تا کۆتایی 2026 یەکەکانی حەفتا و هەشتا خرابنە ژێرچەتری وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێک لە ئەرکەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند، چوار ساڵ دیارکراوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و دەبێ هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکبخرێن.

گوتیشی: "ئێستا کار لەسەر یاداشتنی لێک تێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا  دەکرێت، لە هەندێک رووەوە پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینووە".

ئەو وادەیەی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە وادەیەکی زۆرە، بەڵام ململانێ سیاسییەکان ئەو پرۆسەیەی سست کردووە، ئەگەر کێشە سیاسییەکان بەردەوام بن پێناچێت لەو وادەیەدا پێشمەرگە یەک بگرێتەوە، لیژنەی پێشمەرگە لەبارەی ئەو وادە زۆرە دەڵیت: هاوپەیمانان لە قوڵایی کێشە سیاسییەکان تێگەیشتوون بۆیە شەش ساڵیان دیاریکردووە ئەگەر لەو وادەیەک نەخرانەوە مەترسی لەسەر هاوکاریەکان دەبێت.

ریڤینگ هروری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت، لەبەر ئەوە هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە کێشە سیاسییەکان ئێرە تێگەیشتوون، مەترسی ئەوەش هەیە متمانەی هاوپەیمانان بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان مبێتەوە، بەڵام باوەڕناکەم بە یەکجاری هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە ببڕن".

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کوردستان24، وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی 16 لیوا بوو، دوای پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە ئێستا خاوەنی 22 لیوایە، بۆ کۆنترۆڵکردن و سەرکردایەتیکردنی باشتر لەسەر راسپاردەی هاوپەیمانان لیواکان دابەشی  چەند فیرقەیەک دەکرێن، کە پێکهێنانی دوو فیرقەیان لە قۆناغی کۆتایدایە، کێشە و ململانێکیانی یەکێتی و پارتییش بەربەستی سەرەکی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.