رووسیا ناوەندی شارێکی ئۆکرانیای کۆنترۆڵکرد

چەند سەربازێکی یەکەی سەربازی رووسی ڤاگنەر
چەند سەربازێکی یەکەی سەربازی رووسی ڤاگنەر

K24 - مۆسکۆ:

دێنیس پوشیلین، سەرۆکی هەرێمی دەنێتسک بە کەناڵی یەکی رووسیای راگەیاند، هێزەکانی رووسیا ناوەندی شاری سۆلێداریان لە هەرێمی دەنێتسک کۆنترۆڵکردووە.

پوشیلین ئەوەی خستوەتەروو، کە ناوەندی سۆلیدار لەژێر کۆنترۆڵی یەکەی  ڤاگنەردایە و لەهەموو لایەکەوە گەمارۆیان داوە و، دوێنێ بەیانیش گوندی (باخموتسک) کە دەکەوێتە دەوروبەری سۆلێدار لە باکووری خۆرهەڵاتی ئاڕتیمۆڤسک ئازادکراوە.

ڤاگنەر، یەکەیەکی سەربازیی سەربەخۆی رووسییە و بەگرێبەست شەڕ بۆ حکومەتی رووسیا دەکەن.

بەگووتەی دێنیس پوشیلین، هێزەکانی ئۆکرانیا زەرەر و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەڵام بەردەوامن لە بەرەنگاری. ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا پاڵنەری شەڕکردن لای هێزەکانی رووسیا بەرزترە و لەئەنجامدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.

ئەم شارە ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەیە، تۆڕێک لە ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن پێیدا تێدەپەڕێت، کە لە رێگەیەوە هاوکاری پشتیوانی سەربازی بۆ هێزە ئۆکرانییەکان لە دۆنباسدا دابین دەکرد.

هەنوکە شەڕی توند لە هەردوو شارەکە بەردەوامە، ئیڤان فیلیپەنێنکە، نوێنەری فەرمی پۆلیسی لوگانسک باسی لە پاشەکشەی بەکۆمەڵی سەربازانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە سۆلێدار کرد.

ئاژانسی رییانۆڤستی رووسی نوسیوویەتی، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا، ئەلێکسی ئارێستەڤیچ، راوێژکاری بەرپرسی نووسینگەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، دانی بەوەدانا کە سەربازانی ئۆکرانیا لەو شوێنانە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، هەروەها لە سەروبەندیدا باس لەوەکرا کە لیوای سەربازی ئۆکرانیا، یوری یورچیک کە فەرماندەیی ناوچەکەی دەکرد لە شەڕەکانی سۆلێداردا کوژراوە.

لە 24ی شوباتی 2022ـەوە، رووسیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەتی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیای درواسێی دەستپێکردووە، وەک ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ پاراستنی ئەو کەسانەیە کە ماوەی هەشت ساڵە لەلایەن کیێڤەوە تووشی قسەی ناشرین و جینۆساید بوون". پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە چەکدارەکانی رووسیا لە بەردەم ئەرکی ئازادکردنی هەرێمی دۆنباس و گەرەنتیکردنی ئاسایشی رووسیادان