ئه‌نقه‌ره سه‌ردانێكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی سویدی بۆ توركیا هه‌ڵوه‌شانده‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌نقه‌ره سه‌ردانێكی چاوه‌ڕوانكراوی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی سویدی بۆ وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
بڕیار بوو ئه‌م مانگه، ئه‌ندریاس نورلین، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی سوید سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره بكات.
مسته‌فا شنتوب، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا، وه‌ك هه‌ڵوێستێك له دژی سوید، بڕیاری دا ئه‌و سه‌ردانه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی توركیا، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ره‌فتاری تیرۆریستیی په‌كه‌كه به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و توركیایان له سوید كرده ئامانج سه‌ردانی 17ی ئه‌م مانگه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی سوید بۆ توركیا هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه.
ئه‌م بڕیاره دوای ئه‌وه هات، ژماره‌یه‌ك لایه‌نگری په‌كه‌كه له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی مێژوویی شاره‌وانی ستۆكهۆڵم بوكه‌ڵه‌یه‌كیان له شێوه‌ی سه‌رۆكی توركیا به ستوونێكه‌وه هه‌ڵواسی بوو.