کوتلەی وەزاری پارتی بۆ یه‌كێتی: ئەگەر لە گۆشتەکە بەشتان هەیە، لە گۆشتاوەکەشی بخۆنەوە

لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

كوتله‌ی وه‌زاری پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، بەداخەوە تیمی یەکێتی  لە بری گفتوگۆکردن و کۆبوونەوە، بە کاردانەوەی لاواز وەڵامیان دایەوە.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 16ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان، روونكردنه‌وه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "خەڵکی کوردستان هۆشیارە و داواکارین ئێوەش بگەڕێنەوە سەر وتار و دیدار و قسەکانی ساڵانی پێشووتان، کە چۆن باس لە دەستکەوت و کاروچالاکی و سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم دەکەن".

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

‏‎دوابەدوای پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زۆر بەڕوونی باسی لەو کێشانە کرد کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دروستیان دەکات بەرامبەر حکومەتی هەرێم، کە لە هەمانکاتدا، چارەسەرەکەشی خستەڕوو، بەڵام بەداخەوە تیمی یەکێتی  لە بری گفتوگۆکردن و کۆبوونەوە، بە کاردانەوەی لاواز وەڵامیان دایەوە. بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەو راستییانە بخەینەڕوو:

‏‎-بەشدارینەکردن لە هەندێک لە کۆبوونەوەکانی حکومەت و دەرچوون لە گرووپەکانی واتسئاپ، هەروەها ئامادەنەبوونتان بۆ چارەسەری کێشەکان و باسکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، واتای راکردنە لە بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی و ئیداری.

‏‎-خەڵکی کوردستان هۆشیارە و داواکارین ئێوەش بگەڕێنەوە سەر وتار و دیدار و قسەکانی ساڵانی پێشووتان کە چۆن باس لە دەستکەوت و کاروچالاکی و سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم دەکەن، ئەگەر کەموکوڕیێکیش لەم کابینەیەدا بوونی هەبێت، ئەوا لە ئاکامی ئەو سیاسەت و رێگریەیە کە یەکێتی پیادەی دەکات، دەتانەوێت لاوازی پێگەی حیزبی و سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەریتان و کێشە ناوخۆییەکانتان بەوە دابپۆشن کە رێگه‌ نەدەن حوکمڕانیێکی سەرانسەری و شەفاف لە دارایی و داهات و حوکمی یاسا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت و میلیشیا ئاسا، ئەم سیاسەتەتان لەسەر خەڵکی بسەپێنن و بڵێن ئێمە ئەگەر دەنگ و کورسیشمان کەم  بێت، بەڵام خۆمان فەرزدەکەین، خەڵک و دۆست و ناحەزانیش شایەدی بۆ ئیدارەدانی ئێوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەدەن کە خەڵکەکە لە چ نائارامی و بێ خزمەتگوزاریێكدا ژیان بەسەردەبەن.

‏‎-ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە هێز بۆ رێگریکردن لە کاری دزێو و دژ بە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بۆ هەموو سنوورەکانی هەرێم بنێرێت و نەگوتراوە تەنیا بۆ سنووری پارێزگای سلێمانییە، بەڵام لەبەرئەوەی خۆتان دەزانن چ لە سنوورەکانی پارێزگای سلێمانی چی دەگوزەرێت، بۆیە رێگری لە دەستپێشخەریێکی وا دەکەن، بفەرموون هەرچی خۆتان پێتان وایە شارەزایە و بە دڵتانە و خەڵکی خۆتانە با لەگەڵ هێزەکە بێت بۆ هەموو سنوورەکان.

‏‎-پڕۆسەی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی رابردوو ئەنجامدراوە کە جێگرەکانی سەرۆکی حکومەت سەر بە یەکێتی و بە تایبەتیش بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لە ئاستی باڵای ئەم حیزبە، لە چەندین بۆنە گوتوتانە ئاگاداری وردەکارین و لە کابینەی رابردوو تا ئێستا بە سەرپەرشتی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران کە سەر بە یەكێتیە، کۆمپانیایێکی باوەڕپێکێراوی جیهانی تایبەتمەند لەم بوارە، سەرپەرشتی وردبینی فرۆشتنی نەوت دەکات.

‏‎- کەس ناتوانێت لە سنووری پارێزگای هەولێر  هەڕەشە بکات، ئەوەی لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران بووە، تەنیا پەیوەندیێکی تەلەفۆنی بووە لەگەڵ برادەرێکی کۆنی خۆی، بەڵام ئەگەر بتانەوێت ئاستی ئەم کارە تیرۆرستیەی بەرامبەر (شەهید هاوکار جاف) لە پایتەخت ئەنجامدرا بەراورد بکەن  لەگەڵ ئەمە، ئەمە خەیاڵ پڵاویە.

- ئێمە هەر لە رۆژی یەکەمی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جاف بە نامەی فەرمی داوامان لێکردن کە هاوکاربن لە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتباران، بەڵام ئێوە خۆتان لەم بابەتە دزیەوە و تا ئێستاش ئامادەنین تۆمەتباران بێنە بەردەم دادگا .

‏‎- هەڵبژاردن رێکكار و یاسای خۆی هەیە، ناکرێت لە ترسی ئەوەی دەنگەکانتان زۆر کز بووە بڕو بیانوو بدۆزنەوە، لە کوێی دونیا هەیە حیزب ببێتە لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەیه‌کی دیموکراسی، بفەرموون با لە پەرلەمان لە چوارچێوەی یاسا، هەر گفتوگۆیەک هەیە بکرێت، ئایا پارتی ئەم یاسایەی داناوە؟ مەگەر ئێوەش وەک پارتی و بگرە زیاتریش، دەستتان لە دەرکردنی هەموو یاساکانی پەرلەمان و بڕیارەکانی  حکومەت نەبووە؟.

‏‎- داواتان لێدەکەین نەبنە رێگر لەبەردەم بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم و لە بەرامبەردا پێویستە هاوکاربن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانتان، ئەوکات بەرپرسیاریەتی دیاردەبێت، ئەگەر لە گۆشتەکە بەشتان هەیە و بەشتان دەوێت، ئەوا لە گۆشتاوەکەشی کەمێک بخۆنەوە.

‏‎کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان

16-1-2023