کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئێران دواخرا

سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ کوردستان24 پشتڕاستی دەکاتەوە

K24 – هەولێر

سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری دەرەوەی رووسیا بە کوردستان24ی راگەیاند، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئێران دواخرا، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت.

یەڤگینی ئەلیکسێیڤیچی سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری دەرەوەی رووسیا بە کوردستان 24 گوت "دیدار و کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاتێکی نادیار  دواخراوە"، بەبێ ئاماژەدان بەهۆکاری دواخستنەکەی.

رۆژی 12/1/2023 ماریا زاخارۆڤای گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو، رۆژی 17ی ئەم مانگە حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیانی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەردانێک دێتە مۆسکۆ و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیا دیداری دەبێت.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە سەردانێک گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و رۆژی 14ی ئەم مانگە لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی وڵاتەکە کۆبووەوە و رۆژی دواتر لەگەڵ فەیسەڵ میقداد هاوتا سوورییەکەی دیداری هەبووە.

بڕیاریشە ئەمڕۆ حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ مەولود چاوشئوغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پرسی سووریا لە ئەنقەرە کۆببێتەوە.

لە ساڵی نوێدا، ئەمە دوو چالاکی و دیدارن لە رووسیادا بەبێ ئاماژەکردن بەهۆکارەکەی دوادەخرێن، پێشتر رۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەت رایگەیاندبوو، رۆژی 11/1/2023 وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئیماراتی عەرەبی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کۆدەبنەوە، بەڵام شەش رۆژ تێپەربووە بەسەر ئەم وادەیەدا کەچی هێشتا دیدارەکە ئەنجامنەدراوە.

پێشتر شرۆڤەکاری رووس ڤیچیسلاڤ ماتوزۆڤ، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی فەیسبووک خۆی بڵاویکردبووە، کە ئێران نیگەرانە لە دیدارەکەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی سووریا و تورکیا و هەروەها ئاماژەی بەوەشکردبوو کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریاش خواستی لەسەر ئەم دیدارە نییە.