سەفین دزەیی: کۆڕبەندی داڤۆس دەرفەت بۆ پشتگیری و هاندانی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان دەڕەخسێنێت

"هەرێمی کوردستان جێی بایەخی کۆمەڵەگەی نێودەوڵەتییە"
سەفین دزەیی
سەفین دزەیی

K24 - هەولێر:

سه‌فین دزه‌یی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی گرنگی بەشداریکردنی بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆڕبەندی داڤۆس هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چارەسەر بۆ کێشەی ئابووری و ئاسایشی وڵاتان ده‌درێت.

لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەفین دزەیی گوتی: "بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سەرۆک وەزیران لەم کۆڕبەندەدا، نیشانەی بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە هەرێمی کوردستان".

سەفین دزەیی بەشداریکردنی هەرێمی کوردستانی لە کۆڕبەندە بە دەرفەتێک لێکدایەوە، کە تێیدا سەرۆک وەزیران دەتوانێت چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە دیارەکان هەبێت، بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی نوێ لەگەڵ هەندێک لە لایەنەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، راستە هەرێمی کوردستان بەشێكە لە عێراق، بەڵام لەڕووی مامەڵەکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، لەڕووی سیاسی، ئابووری، وزە و لەڕووی کۆمەڵاتییشەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کۆڕبەندی داڤۆس دەرفەت بۆ پشتگیری و هاندانی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان دەڕەخسێنێت.