مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكا تاوتوێی هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا ده‌كات

كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكا - داڤۆس / 17-1-2023
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكا - داڤۆس / 17-1-2023

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكا تاوتوێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی کوردستان بۆ بازاڕەکانی بەلجیکا و ئەوڕوپا بەگشتی ده‌كات.

ئەمڕۆ سێشەممە (17ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەچوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، لەگەڵ ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا و بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بە گشتی  تاوتوێکرا.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە برەودان بە هاریکاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی کوردستان بۆ بازاڕەکانی بەلجیکا و ئەوڕوپا بەگشتی.

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی بەلجیکای کرد بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش، هەروەها کورتەیەکی دەربارەی دوا سەردانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور خستەڕوو .

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێز و چالاکی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد گوتی هەرێمی كوردستان هاوبەشێکی بەهێزی بەلجیکایه‌.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا.