هیندستان دەکەوێتە پێش چینەوە

هیندستان
هیندستان

K24 - هەولێر:

بە گوێرەی داتایەکی رێکخراوی WPR هیندستان کە حەفتەم کۆنترین وڵات دادەنرێت لە مێژوودا، لە ژمارەی دانیشتوان دەکەوێتە پێش چین.

داتاکانی رێکخراوەکە کە لە ماڵپەڕەکەیاندا بڵاویانکردووتەوە باس لەوەدەکەن، ژمارەی دانیشتوانی هیندستان لە سەرەتای 2023 نزیکەی ملیارێک و 422 ملیۆن و 824 کەسە، هەروەها رێژەی گەشەی دانیشتوان لەو وڵاتەدا %0.81 زیادی کردووە.

هیندستان کە مێژووەکەی بۆ 2000 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، بە حەفتەم کۆنترین وڵات دادەنرێت لە جیهاندا و رووبەری ئێستای وڵاتەکە 3.3 ملیۆن کیلۆمەتری دووجایە، رێژەی دانیشتوانەکەی %17.85ـی جیهان پێکدەهێنێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 15ـی تشرینی دووەمی 2022 رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی هەشت ملیاری تێپەڕاند و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتوان بۆ 8.6 ملیار بەرزببێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی نیشتمانی ئاماری چین رایگەیاند، لە کۆتایی ساڵی 2022 ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە بەراورد بە ساڵی 2021 رێژەکە 0،85 ملیۆن کەس کەمی کردووە.

چین کە خاوەنی زۆرترین رێژەی دانیشتوانە لە جیهاندا، رێژەی لەدایکبوونەکانی بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کەسانی بەتەمەن لەنێو هێزی کاردا.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، لە زاری چەند پسپۆڕێکی شیکارییەوە هۆشداریدا لەوەی، دابەزینی رێژەی لەدایکبوون لە چین رەنگە ببێتە بەربەست لەبەردەم گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە و فشار بخاتە سەر گەنجینەی گشتی.