رووسیا ستراتیجی بەرگریکردن پەیڕەو دەکات

لە هێرشکردنەوە بۆ بەرگری
نمایشی چەکە پێشکەوتووەکانی رووسیا لە مۆسکۆ
نمایشی چەکە پێشکەوتووەکانی رووسیا لە مۆسکۆ

K24 - هەولێر:

بەپێی چەند راپۆرتێکی میدیایی، رووسیا بۆ پاراستنی ئاسایشی خاکی وڵاتەکەی و رووبەڕووبوونەوەی هێرشی درۆنی کیێڤ، سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتری لە مۆسکۆی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکە بۆ پاراستنی ژێرخانەی وڵات جێگیرکردووە.

بەرگری رووسیا لەسەر هەریەک لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری و باڵەخانەی وەزارەتی پەروەردە سیستمی بەرگری ئاسمانی پانتسیر-ئێس وەنی جیگیرکردووە.

هەر لە راپۆرتەکانیشدا هاتووە، بێجگە لە پایتەخت، رووسیا دەیەوێت لە چەند ناوچەیەکیش لە دەورووبەری مۆسکۆش سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس-300 و ئێس-400 جێگیربکات.

دروست 332 رۆژە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، هەردوولا خۆیان بۆ جەنگێکی دوور و درێژ ئامادەکردووە و هەریەک لە ئەمەریکا و ناتۆش بەڕوونی ئاماژە بەوە دەدەن، جەنگ درێژە دەکێشێت و خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن ئامادەکردووە.

هاوکات، جەنگ لە ناوچەکانی زاپۆریژیا و دۆنێتسک چڕتر بووەتەوە و وەزارەتی بەرگری رووسیاش ئاشکرایکرد، هێزەکانیان توانیویانە هێڵی پێشەوەی بەرگری سوپای ئۆکرانیا لە ناوچەکانی ئۆریگۆڤ و گۆلیبۆلیا تێپەڕێنن و پێشڕەوییەکانیشیان بەردەوامە.

لە شاری باخموتیش بۆردوومانەکانی رووسیا بەردەوامن و بەهۆی بۆردوومەنەکانیشەوە ئاوی شارەکە بڕاوە و هاووڵاتیان دەڵێن، بەهۆی بێ ئاویی و بۆردوومانی بەردەوامی رووسیاوە کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە ناتوانن ئاگری بۆردوومانەکان بکوژێننەوە.