وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا: هێزه‌كانمان له‌ عێراق ده‌مێننه‌وه‌

وپکە هۆێکسترا، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا
وپکە هۆێکسترا، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا رایگه‌یاند، ئه‌مساڵیش هێزه‌كانیان له‌ عێراق ده‌مێننه‌وه‌ بۆ راهێنانكردن به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان. 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (24ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، وپکە هۆێکسترا، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا له‌ وه‌ڵامی په‌یامنێری كوردستان24 له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی كۆڕبه‌ندی ئابووری داڤۆس رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسیان له‌ چەند پرسێکی تایبه‌ت به‌ بواری ئه‌منی، ئابووری و پەنابەران كردووه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا راشیگه‌یاند، "ئەمساڵیش هێزەکانمان لەعێراق دەمێننەوە بۆ راهێنانكردن بەهێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان."

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (19ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی به‌شداریكردنه‌كه‌ی له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری داڤۆس وه‌ڵامی نێردراوی كوردستان24ـی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، "ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ ئه‌مساڵ 2500 كه‌س تێیدا به‌شدار بوون له‌ وڵاتانی جیهانه‌وه‌ و بابه‌ته‌ گرنگه‌كان باس كران. بابه‌تی وزه‌ی خاوێن و وزه‌ی جێگره‌وه‌، هه‌روه‌ها بابه‌تی ئاسایشی خۆراك،ئاسایش و سه‌قامگیری وڵاتان و ناوچه‌كان، به‌ تایبه‌تی دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ و كێشه‌ له‌ ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها بابه‌تی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌رییه‌كانی قسه‌ ده‌كرێت. ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتان قسه‌مان كردووه‌."

گوتیشی، "كوردستان پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه‌، هه‌م له‌ رووی وزه‌وه‌ و هه‌میش له‌ رووی خۆراكه‌وه‌. له‌ رووی ئاسایش و سه‌قامگیریش پێشتر كوردستان رۆڵێكی كارای هه‌بووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم و له‌ دابینكردنی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌. ئێمه‌ توانیمان په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ دۆسته‌ كۆنه‌كانمان نوێ بكه‌ینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی نوێش په‌یوه‌ندی درووست بكه‌ین. له‌ رووی ئابووریشه‌وه‌ داوامان كردووه‌ بێن روو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و له‌ رووی ئابووریی و ته‌نانه‌ت سیستمی بانكییه‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی ریفۆرمی بانكیمان هه‌یه‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و ئێمه‌ش هاوكار ده‌بین."