زیلێنکسی: ئەگەر ناردنی تانکەکان تا مانگی ئاب بخایەنێت زۆر درەنگ دەبێت

ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەگەر ناردنی تانکەکان لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە تا مانگی ئابیی ئەمساڵ بخایەنێت زۆر درەنگ دەبێت بۆ هەبوونی کاریگەرییان لە جەنگەکە.

لە پەیامێکدا کە لەتۆڕی تیلیگرام بڵاویکردەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلێنکسی سەرۆکی ئۆکرانیا راشیگەیاند، سوپای رووسیا بە ویست ناوچە مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج تا ژیان لەو ناوچانە پەکی بکەوێت.

هاوکات سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، لەماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا 30  جار ناوچەکانی زاپۆریژیا و هەرێمی دۆنێتسک لەلایەن سوپای رووسیاوە بۆردومانکراوە.

لەماوەی رابردوودا هەریەک لە ئەڵمانیا و ئەمەریکا بڕیاریاندا ژمارەیەک تانک بۆ ئۆکرانیا بنێرن، رووسیاش لەبەرانبەردا رایگەیاند، ئەگەر تانکەکان رادەستی ئۆکرانیا بکرێن، لە مەیدانی جەنگدا دەسووتێن.