ڤیدیۆ...نه‌ورۆز پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی وه‌ستاند

ئاهه‌نگی كڵاودیۆ ماڕادۆنا هێرشبه‌ری نه‌ورۆز دوای گۆڵی یه‌كه‌می به‌رامبه‌ر شورته‌. 28 جه‌نیوه‌ری 2022
ئاهه‌نگی كڵاودیۆ ماڕادۆنا هێرشبه‌ری نه‌ورۆز دوای گۆڵی یه‌كه‌می به‌رامبه‌ر شورته‌. 28 جه‌نیوه‌ری 2022

نەورۆز لە گەڕی سێزدەمی خولی نایابی عێراق لە یاریگای فرەنسۆ هەریری میوانداریی یانەی شورتەی بەغدای کرد، بە ئامانجی پێنجەمین سەرکەوتن و دوورکەوتنەوە لە ناوچەی دابەزین بۆ خولی پلە یەکەکان.

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ شه‌ممه‌، 28 جه‌نیوه‌ری 2022، له‌سه‌ر یاریگه‌ی یه‌كه‌می فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، نه‌ورۆز میوانداریی شورته‌ی به‌غدای كرد.

شورتە لە سەرەتای یارییه‌كه‌ فشاری لەسەر گۆڵی نەورۆز دروست کرد، خه‌ریك بوو محەمەد رەحیمی گۆڵپارێزی نه‌ورۆز دیارییه‌ك به‌ شورته‌ ببه‌خشێت، بەڵام مەحمود ئەلمەواسی هێرشبه‌ری سووری یانه‌ی شورته‌ نەیتوانی دەرفەتەکە بکاتە گۆڵ.

ئەوەی یاریزانانی شورتە نەیانکرد، مارادۆنایەکەی نەورۆز کردی،  لە یەکەم دەرفەتدا کلاودیۆ مارادۆنا بە ئەسیستی حوسێن عەبدولواحید گۆڵی یەکەمی نەورۆزی کرد و یانەکەی سلێمانی لە یارییەکە پێشخست، مارادۆنا چوارەمین گۆڵی خۆی لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق بۆ نەورۆز کرد.

دوای ئەم گۆڵە ئامانجی شورتە لە یارییەکە گۆڕا و ئەمجارە لە هەوڵی گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە بوو.

دوای نیو کاتژمێر لە دەستپێکی یارییەکە شورتە دەرفەتێکی دیکەی گۆڵکردنی بۆ رەخسا، بەڵام ئەمجارە (ماجد بو بەکر) دەرفەتەکەی فەوتاند.

دوای تەنیا خولەکێک شورتە ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە، بە ئەسیستی ئەلمەواس، عەلا عەبدولزەهرە گۆڵی بەرامبەربوونی کرد، کە پێنجەمین گۆڵی ئەم یاریزانە بوو لەم وەرزە.

لە نیوەی یەکەم شوڕتەی میوان باشتر و مەترسیدارتر بوو، لێ ئەم نیوەیە بە یەکسان بوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان کۆتایی هات.

لە نیوەی دووەم هێرشەکانی نەورۆز و شورتە لاوازتر و مەترسییەکانیان کەمتر بوون، لە خولەکی 60 مەحموود ئەلمەواس گۆڵی دووەمی شورتەی کرد، بەڵام ناوبژیوان رەتیکردەوە و فاوڵ هەژمارکرا.

نەرۆزیش لە رێگەی هێرشە پێچەوانەکان هەوڵیدا گورزی دووەم لە شورتەی میوانی بدات.

دواجار لە خولەکی 71 هەمووشتێک گۆرا، ئەحمەد فەرحان دوای هاتنە ناوەوەی، گۆڵی دووەمی کرد و یانەکەی بەغدای لە یارییەکە پێشخست.

خۆشیی یاریزانانی شورتە درێژەی نەکێشا، كاتێك محەمەد دلاوەر  بە دەبڵ کیک ئەسیستی کرد، مارادۆناش بەبێ راگرتنی تۆپ شووتی کرد و گۆڵی دووەمی خۆی و نەورۆزی کرد و لەسەر شێوازی مێسی ئاهەنگی گێڕا، بەڕازیلیەکەی نەورۆز ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە و ژمارەی گۆڵەکانیشی لەم وەرزە بۆ پێنج گۆڵ بەرز کردەوە.

 یارییەکە تا کۆتایی بەم ئەنجامە مایەوە و بە دوو گۆڵ یەکسان بوون، نەورۆز خاڵێکی لە شورتەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو وەرگرت و تامی یەکەمین یەکسان بوونی ئەم وەرزەی کرد و لە خانەی شازدەم بووە خاوەنی 13 خاڵ، شورتەش بە 23 خاڵ لە خانەی شەشەم دەبینرێت.