دەمیرتاش: تورکیا دەیەوێت پێش هەڵبژاردن هێرش بکاتە سەر کۆبانێ

K24 - هەولێر
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایگەیاند، لە تورکیا دەسەڵات دەیەوێت بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هێرش بکاتە سەر کۆبانێ.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە ئێستا لە بەندیخانەیە، لە تویتێکدا رایگەیاند، ئاکپارتی و مەهەپە دەیانهوێت بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هێرش بکەنە سەر شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.
دەمیرتاش راشیگەیاند، پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا لە دژی ئەم پلانگێرییە بوەستێت، چونکە ئەمە گەورەترین تاقیکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن دەبێت.
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایگەیاند، دەبێت ئۆپۆزیسیۆن خۆی یەکلایی بکاتەوە، یان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ پشتگیری ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات، یانیش لە دژی جەنگێک بوەستێت کە تەنها بۆ بەدەستهێنانی دەنگە لە هەڵبژاردنەکان.