سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

دەزگا پەیوەنددارەكانی هەرێم ئامادەی پێشوازیكردنن لە بریندارەكانی تەقینەوەكەی حەسەكە

K24 – هەولێر:

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" دەزگا تەندروستییەكان و لایەنە پەیوەنددارەكان بە هەموو شێوەیەك ئامادەی پێشوازیكردنن لە بریندار و لێقەوماوانی كردەوە تیرۆریستییەكەی شاری حەسەكە و بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستییە ترسنۆكانە دەكات، كە بووە هۆی شەهیدكردن و برینداركردنی ژمارەیەك هاوڵاتی ئەو شارە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 5ـی 7ـی 2016 لە ئەنجامی كردەوەیەكی خۆكوژی و ترسنۆكانەی تیرۆریستان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان 16 هاووڵاتی شەهید و دەیان كەسی دیكەیش بریندار بوون.

وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم كردەوە نامرۆڤانەی تیرۆریستان دەكەین سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. بە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان و شاری حەسەكە ڕادەگەیێنین كە دامەزراوە تەندروستییەكان و دەزگە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەك ئامادەی پێشوازیكردن لە برینداران و یارمەتیدانی لێقەوماوانی ئەو كردەوە تیرۆریستییەن.

 

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

5/7/2016