سوریا: سعودیه و توركیا و قه‌ته‌ر به‌رپرسیاری ته‌قینه‌وه‌ی حه‌سه‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوریا رایگه‌یاند ته‌قینه‌وه‌ی تیرۆریستی حه‌سه‌كه ئه‌نجامی سیاسه‌تی سعودیه، توركیا و قه‌ته‌ره.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوریا له دوو نامه‌ی جیاوازدا بۆ سكرتێری گشتی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند: "تیرۆریستان به پشتیوانی ده‌ره‌كی، رۆژی سێشه‌ممه په‌یامێكێ خوێناوییان بۆ هاوڵاتیانی حه‌سه‌كه به‌رێ كرد".
له نامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوریا ئاماژه به‌وه كراوه كه ته‌قینه‌وه‌ی حه‌سه‌كه، كرده‌وه‌یه‌كه له پێناو جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی ریاز، ئه‌نقه‌ره و ده‌وحه و هه‌ندێ له وڵاتانی ناسراوی رۆژئاوا بۆ به‌رده‌امبوونی قه‌یران له سوریا.
له ته‌قینه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ی حه‌سه‌كه، 16 هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا و 27 دیكه‌ش بریندارببوون، كه رۆژێك پاش شه‌ڕو پێكدادانی هێزه‌كانی ئاسایش و هێزه‌كانی حكوومه‌تی سوریا دێت و 12 كه‌س بریندارببوون.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوریا هه‌روه‌ها ره‌خنه له هه‌ندێ وڵات ده‌گرێت و ده‌ڵێت بۆ بیانوو هێنانه‌وه بۆ تاوانه‌كانیان له سوریا و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر پشتیوانی له تیرۆریسته‌كان، گرووپه تیرۆریستییه‌كان به ئۆپۆزسیۆنی میانه‌ره‌و وه‌سف ده‌كه‌ن.