دانیشتنی دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان دواخرا

K24 - هه‌ولێر:
دانیشتنی تایبه‌تی دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان به‌هۆی ناڵه‌باری بارودۆخی كه‌شوهه‌وا بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (31ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، راگه‌یاندنی دادگای فیدراڵی به كوردستان24ـی راگه‌یاند، دانیشتنی ئه‌مڕۆی دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی پرسی درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
له‌باره‌ی هۆكاری دواخستنی دانیشتنه‌كه، سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، به‌هۆی ناڵه‌باری بارودۆخی كه‌شوهه‌وا دانیشتنه‌كه دواخراوه، چونكه ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی سكاڵایان تۆماركردبوو، نه‌یانده‌توانی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه ببن.
بڕیاربوو ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی سكاڵای چه‌ند لایه‌نێك سه‌باره‌ت به درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێستای عێراق به سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كۆببێته‌وه، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
رۆژی یه‌كشه‌ممه (29ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردن لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، پێكهاته‌ی ئێستای دادگای فیدراڵی ناده‌ستوورییه و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق دانه‌مه‌زراوه.
سه‌باره‌ت به پێكهاته‌ی ئه‌و دادگایه، ڤالا فه‌رید روونیكرده‌وه، نموونه‌ی ئێستای پێكهاته‌ی دادگای فیدراڵی عێراق له هیچ ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیدا نموونه‌ی نییه، كه ده‌بێت له دادگای فیدراڵیدا نوێنه‌ری هه‌رێمه‌كان هه‌بێت و مه‌رجی ره‌زامه‌ندی نوێنه‌ری ئه‌و هه‌رێمه وه‌ربگیرێت له‌سه‌ر ده‌ركردنی هه‌ر بڕیارێك كه په‌یوه‌ست بێت به ناوچه‌ی ئه‌وانه‌وه.
هه‌روه‌ها ڤالا فه‌رید ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگای فیدراڵی ده‌ریده‌كات به زۆرینه‌یه و سیاسییه، بۆیه ئه‌مه‌ش وایكردووه، ئه‌و دادگایه وه‌ك دادگایه‌كی ناوه‌ندیی بناسرێت نه‌ك دادگایه‌كی فیدراڵی كه له ده‌ستووردا ئاماژه‌ی پێكردووه.
له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی په‌یوه‌ست به به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ڤالا فه‌رید روونیكرده‌وه، كه ناوه‌ڕۆكی ئه‌و داوایه‌ی ئاراسته‌ی دادگای فیدراڵی كراوه، به‌پێی بنه‌ما یاسایی و ده‌ستوورییه‌كان، ده‌بوایه له‌ڕووی بابه‌تی و "شكلییه‌وه" ده‌بوایه رهتكرابایهوه له‌بری ئه‌وه‌ی بڕیاریشی له‌سه‌ر بدرێت.