کچێكی عێراقی لە ئەڵمانیا لێکچووەکەی خۆی دەکوژێت

K24 - هەولێر:
پۆلیسی هەرێمی باڤاریا لە ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، کچێک بەدوای کەسێکدا گەڕاوە کە هاوشێوەی خۆی بێت، پاش دۆزینەوەی کووشتوویەتی.
ئەو کچە عێراقییە لە ناوچەیەکی هەرێمی باڤاریا کچێکی هاوتەمەن و هاوشێوەی خۆی بە چەقۆ کووشتووە و رۆژی 16ـی ئابی 2022، تەرمەکە لە ئۆتۆمبێلی کچە عێراقییەکەدا دۆزرایەوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری پۆلیسی باڤاریاوە بڵاویکردەوە، بکوژەکە کچێکی عێراقییە و تەمەنی 23 ساڵە، بۆئەوەی خۆی لە کێشە خێزانییەکانی بدزێتەوە، ئەو تاوانەی ئەنجامداوە.
لێکۆڵەران سەرەتا پێیان وابوو، کوژراوەکە کچە عێراقییەکەیە، کاتێک خێزانەکەی ناسیانەوە.
بەڵام دواتر لە پرۆسەی توێکاری تەرمەکەدا دەرکەوت، قوربانییەکە کەسێکی دیکەیە و کچە عێراقییەکە لە ژیاندایە.

بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی باڤاریا، کچە عێراقییەکە لە ژیاندایە و ئەو پلانی کوشتنی لێکچووەکەی خۆی داناوە و بە هاوکەری کەسێکی هاوتەمەنی خۆی تاوانەکەیان ئەنجامداوە.
پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، بکوژەکە لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لێکچووەکەی خۆی دۆزیەوەتەوە و هەر لەوێشەوە، رازیکردووە چاوی پێبکەوێت.