رێزان حەمەساڵح: پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان لای ڤاتیکان زۆر گرنگە

K24 – هەولێر

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بووەتە نموونەی پێکەوەژیان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان لای ڤاتیکان زۆر گرنگە.

رێزان حەمەساڵح نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لە میانی بەشداریکردنی لە رووماڵی کوردستان24 سەبارەت بە هەفتەی تەبایی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هاتنی قەداسیەتی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان، نموونەیەکی گەورەیە کە هەرێمی کوردستان لەلای ئەوان نرخی زۆرە، ڤاتیکان گرنگی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدات".

گوتیشی: "چەندین جار سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پاپای ڤاتیکانیان کردووە، پاپا وەک سەرۆکی وڵاتان پێشوازی لێکردون و دیداری تایبەتیان لەگەڵ پاپا هەبووە، هەروەها چەندین جار پاپا نوێنەری تایبەتی خۆی ناردووەتە هەرێمی کوردستان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڤاتیکان گرنگی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدات".

لەبارەی ئەرکی ئەوان وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان،  رێزان حەمەساڵح، گوتی: "توانیومانە ئەو واقیعەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بیگەیەنینە ڤاتیکان، دۆستایەتی هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان بە فەرمی لە دوای ئازادکردنی عێراق و دوای سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان بە مەبەستی سوپاسکردنی ئەو وڵاتانەی هاوکاربوون بۆ لەناوچوونی رژێمی بەعس لە عێراق".

باسی لەوەشکرد: "ڤاتیکان بەردەوام ئەوەی لەبەرچاوە کە هەرێمی کوردستان چۆن بووەتە لانکەی پێکەوەژیان بۆ ئایینە جیاوازەکان، چونکە کوردستان لەوبارەوە بووەتە نموونە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ڤاتیکان دەیەوێت ئەو گرنگیدانە بە هەرێمی کوردستان لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا هەبێت".

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا راشیگەیاند، بەردەوام کاردەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا.